هاوپەیمانی کوردستانی داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێم دەکات دوو پسپۆڕی ژمارەیی هەڵبژاردنەکان بنێرێتە بەغدا

هاوپەیمانی کوردستانی داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێم دەکات دوو پسپۆڕی ژمارەیی هەڵبژاردنەکان بنێرێتە بەغدا
هاوپەیمانیی فراکسیۆنە کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات دوو پسپۆڕی ژمارەیی هەڵبژاردنەکان بنێرێتە بەغدا تاوەکو رێبەریان بێ‌ت بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەندامی هاوپەیمانی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف رایگەیاند: لە میانەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هاوپەیمانی کوردستانی دەربارەی ئەو یاسایانەی پێویستە لەم هەفتەیەدا بخرێنە خشتەی کارەکانی پەرلەمانەوە، بڕیارمان دا کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوو پسپۆڕی ژمارەیی هەڵبژاردنەکان بنێرێتە بەغدا تاوەکو رێنیشاندەر و راوێژکارمان بن بۆ سوود لێوەرگرتنیان بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەوەشی گوت: مەبەست لە ناردنی ئەو دوو پسپۆڕەی هەڵبژاردنەکان لە بواری ژمارەیی هەڵبژاردندا بۆ ئەوەیە بتوانین باشترین سیغە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری بکەین و بەشی هەرێمی کوردستان هیچ زیانێکی بەرنەکەوێ‌.

ئەو یاسایانەی بڕیارە لە دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەدا بخرێنە خشتەی کارەکانی پەرلەمانی عێراقەوە بریتین لە یاساکانی سروودی نیشتیمانی، پەیماننامەکان، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و زمانی رەسمی.
Top