سەرۆك بارزانی: ئازادی و سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، بەری ڕەنج و خەباتێکی درێژخایەنە
لە دیدارەکەدا، سەرەتا سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان ئومێد خۆشناو بە ناوی بەشداربووانی چالاکییەکەوە سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیکردنیان و کورتەیەکی لەبارەی بیرۆکەی ناردنی پۆلێك لە لاوانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بۆ سەر ڕووباری ئاراس، پێشکەش کرد و وەک هەنگاوێک بۆ ناساندنی بەشێک لە مێژووی بەرخودانی گەلی کوردستان ناساندی و ڕاشیگەیاند کە وەک ئەرکێکی سەرشانیان لە هەوڵدانیان بۆ گەیاندنی پەیامی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو بەردەوام دەبن.
پاشان بەشێک لە ئامادەبووان بەسەرهاتی گەشتەکەی خۆیان لە بەردەم پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ سەر ڕووباری ئاراس گێڕایەوە و کاریگەرییەکانی بینینی ئەو ڕێگە دوورەیان باس کرد کە چۆن هەستیان بەو ناخۆشییانە کردووە کە بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی توانیویانە بە خۆڕاگرییەوە بگەنە ئامانجەکەیان.
دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخێرهاتنی میوانەکانی كرد و دەستخۆشیی ئەو چالاکییەی لێ کردن و ڕایگەیاند: مێژووی گەلی ئێمە هەمووی داستانی پڕ لە سەروەرییە و پێویستە لاوانی کوردستان شارەزای مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەیان بن و بزانن کە ئەم ئازادی و سەقامگیری و پێشکەوتنەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەمانە، بەری ڕەنج و خەباتێکی درێژخایەنە و قوربانییەکی زۆرمان لە پێناویدا بەخشیوە و پێویستە بیپارێزین. هەروەها گوتی: ئێستا دەوڵەتان و ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ستایشی سەقامگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و کۆمپانیا گەورەکانی دنیا پێشبڕکێیانە لەسەر هاتنیان بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان، کەچی هەندێ کەس هەوڵ دەدەن ئازادی و پێشکەوتنەکانی کوردستان ناشرین بکەن و مێژوومان بشێوێنن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە خۆڕاگریی گەلەکەمان لە ڕابردوو و پێویستیی هوشیاریی لاوان بۆ ئێستا و داهاتوو کرد و گوتی: دوژمنانی گەلەکەمان هەموو جۆرە چەکێکیان لە دژی گەلەکەمان بەکار هێناوە، ئەنفال و کیمیابارانیان کردین و گوند و شارەکانان سووتاند، بەڵام نەیانتوانی ئیرادە و بڕوابەخۆبوونمان بشکێنن، بەڵام ئێستا بەڕێگەی دیکە کار بۆ شکاندنی ئیرادە و متمانەبەخۆبوون و نیشتمانپەروەریی لاوانمان دەکەن و ئێوەی لاو دەبێ چاوتان کراوە بێت و نەهێڵن ئەو مەرامەی ناحەزان و هاوکارەکانیان سەر بگرێت، بۆیە پێویستە مێژووی گەلەکەتان بخوێننەوە و سەروەرییەکانی بپارێزن و خۆتان بۆ داهاتوویەکی گەش ئامادە بکەن.
