بەیاننامەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر پەیامەکەی سەرۆک بارزانی
دەقی پەیامەكە:
پەیامی بەڕێزتان، كە ئەمڕۆ ئێوارە بڵاوتانكردەوە، سەبارەت بە بڕیارەیاسای پەرلەمانی كوردستان سەربارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی و سازان لەبارەی هەمواركردنەوەی رەشنووسی دەستوور، هەنگاوێكی بەرپرسانەی بەڕێزتان بوو لەهەمبەر مەسەلەیەكی جێ گرنگی پێدانی زۆری خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان.
بۆیە بەپێویستی ئەزانین دەستخۆشی لە بەڕێزتان بكەین و هاوكاتیش بەڕێزتان و هەموو لایەنەكانی كوردستان و خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا بكەینەوە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەدیهێنانی سازانی نیشتمانی و دروستكردنی كۆ دەنگی سەبارەت بە كەیسی دەستوور هاوكاری كارای پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان ئەبین و لەو روانگەیەشەوە، كە مەسەلەی دەستوور، بناغەیەكی گرنگ و پێویستە بۆ ئەزموونی حكومڕانی كوردستان و ژیانی كوردەواری، بۆیە تەئكید ئەكەینەوە، كە لەگەڵ هەموو هەوڵ و میكانیزمێكی كۆكەرەوەدا سەبارەت بە هەمواركردنەوەی رەشنووسی دەستوور بە شێوەیەكی ئیجابیانە مامەڵە ئەكەین.
هاوكات لە پەیامەكەی بەڕێزتاندا ئاماژەی روونی تیابوو سەبارەت بە دەساودەست كردنی دیموكراتیانەی دەسەڵات، كە ئەمەش ئەبێتە هۆكارێكیتری ئیجابی بۆ سەقامگیرتركردنی دیموكراسی، و قوڵتر كردنەوەی رێوشوێنەكانی بەشداری تاكەكانی كوردەواری لە پڕۆسەگەلێكی هەڵكشاوی دیموكراسیانەدا، بەئاراستەی بەشداریكردنی كاراتر و دڵنیاتری هاوڵاتیان لەپڕۆسە جیاجیاكانی دیموكراسی و دوواجار كردنی بەبنەمایەكی پتەو بەڵام نەرمی كێبەركێی دیموكراسیانە.
وەك چۆن بە سوپاسەوە ئەو گوفتارانەی بەڕێزتان هەڵئەسەنگێنین، كە سەبارەت بە رۆڵی هەڤاڵ مام جەلال لەكاری پێكەوەییتان بۆ خزمەتی كوردستان و كوردایەتی لە پەیامەكەدا باستكردووە، هەروا تەئكید ئەكەینەوە كە ئێمەش پەرۆشی هاوپەیمانی نێوان یەكێتی و پارتی-ن و هاوكات پەرۆشی ئەوەشین كە پەیوەندی هەموو پارتە سیاسییەكانی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی كوردستان لە چوارچێوەی یاساو رێسا دیموكراتییەكاندا تەندروست بكرێ و هەموو توانا سیاسیی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و كلتوورییەكانی كوردستان یەكبخرێن، یان پێكەوە هەموو تواناكان بخرێنە خزمەتی ئامانجە هەنووكەیی و ستراتیژییەكانی كوردایەتی، كە ئەزموونی هەرێم بەرجەستەبوونی جێی شانازی بەشێكی گرنگی ئەو ئامانجانەیە.
دووبارە دەستتان خۆش و هەمیشە پەرەسەندووبێ گیانی سازان و پێكەوە كاركردنی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
16/7/2013
