به بهشداری سەرۆك بارزانى كۆنفرانسی پارتە كوردییەكانی باكوور لە هەولێر ساز دەكرێت
یەكێك لە ئامانجەكانی كۆنفرانسەكە بەردەوامیدانە بەو نەخشەڕێگەیەی پارتە كوردییەكان لە زنجیرە كۆنفرانسەكانی پێشوودا دایانڕشتبوو، كۆنفرانسی پارتە كوردییەكان كە تا ئێستا ڕوون نییە چ ڕۆژێك دەست پێدەكات، بەڵام بە پێی زانیارییەكانی \"هەولێر\"" كۆنفرانسەكە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو دەبێـت.
زنجیرەی چوارەمی كۆنفرانسی ئاشتی و دیموكراسی لە هەولێر ساز دەكرێت و 18 پارتی كوردی لە باكووری كوردستان ئامادەی دەبن، لەوانەش پارتی ئاشتی و دیموكراتی \""بەدەپە\"" بە سەرۆكایەتی سەڵاحەددین دێمیرتاش و سەرۆكی كەجەدە \""ئەحمەد تورك\"".
لە كۆنفرانسەكانی پێشوودا بە تایبەت لە كۆنفرانسی ئامەد و برۆكسل پەیامی ئۆجەلان خوێندرایەوە، بەڵام لە كۆنفرانسی هەولێر پێناچێت پەیامی ئۆجەلان بخوێندرێتەوە، چونكە لە ماوەی ڕابردوودا هیچ شاندێك سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـ ی نەكردووە.
تەوەرێكی گرنگی كۆنفرانسی ئاشتی و دیموكراسی، بریتی دەبێـت لە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە كێشەی 30 ساڵەی نێوان پەكەكە و توركیا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان توركیا و پەكەكەدا دەستی پێكرد و لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا پرۆسەكە قۆناغی گرنگی هاویشتووە و چەند قۆناغێكی دیكەشی ماوە، لەو ماوەیەی كە پرۆسەكە بڕیویەتی، هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە پرۆسەكەدا، بە تایبەت لە گەیاندنی نامەكانی ئۆجەلان بۆ بەرپرسانی پەكەكە لە قەندیل و هاندانی توركیا لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەكە،
بە تایبەت لە سەردانەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، پێشوازیكردنی بەرپرسانی بەدەپە لە هەرێم، بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی تودەی زەمانیش لە كۆنفرانسی هەولێردا سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بەشداری دەكات و لەسەر داوای سەرۆكی هەرێمیش بڕیارە دێمیرتاش و ئەحمەد تورك بگەنە هەولێر."
