دزەکەی دوکانی دراو گۆڕینەوەکەی کەلار دەستگیر کرا
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان موقەدەم \"حەسەن محەممەد\"" بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: ئەو هاوڵاتییە تەمەنی 30ساڵە و دانیشتووی شاری کەلارە و خێزاندارە، هەر لە نزێک ئەو دوکانەی دراو گۆڕینەوە، دوکانی موبایل فرۆشتنی هەیە و دراوسێ دوکانی یەکترن.
موقەدەم حەسەن محەممەد گوتی: ئەو تاوانبارە لە بەردەمی ئەفسەری لێکۆڵینەوە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە بە شیشێک قوفڵی دوکانەکەی شکاندووە و دواتر لەنێو دوکانەکەدا توانیویەتی یەکێک لە قاسەکان بشکێنێ.
روونیشی کردەوە، بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.
دوو رۆژ لەمەوبەر لەنێو بازاری شاری کەلار بە رۆژی نیوەڕۆ، دوکانێکی دراوگۆڕینەوە بڕدرا و لە یەکێک لە قاسەکانی نێو دوکانەکە بڕی هەشت ملیۆن دینار دزرا و تاوانبارەکە هەوڵێکی زۆریشی دابوو قاسەیەکی دیکە کە بڕێکی زۆر لە دۆلاری تێدابوو بشکێنێ بەڵام بۆی نەشکێندرابوو."
