هێزێكی هاوبەشی پۆلیس و سوپا دەگاتە قەزای شارەبان

هێزێكی هاوبەشی پۆلیس و سوپا دەگاتە قەزای شارەبان
15ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- بەمەبەستی كۆنترۆِڵكردنی بارودۆخی ئەمنیی، هێزێكی هاوبەشی پۆلیس و سوپا دەگاتە قەزای شارەبان، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە ژمارەیەك لە گوندنشینەكانی ناوچەكە بەهۆی تێكچوونی بارودۆخی ئەمنییەوە گوندەكانیان چۆڵكرد.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاشكرایكرد: ئەمڕۆ 15-7 هێزێكی هاوبەشی پۆلیس و سوپا گەیشتۆتە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی قەزای شارەبان و بەپێی ئەجێندایەك كە پێشتر ئامادەكاری بۆ كراوە، هەوڵی سەقامگیركردنی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەكە دەكەن بەمەبەستی رێگریكردن لە چۆڵكردنی گوندەكان لەلایەن گوندنشینەكانەوە.

پێشتر زەید ئیبراهیم قائیمقامی شارەبان ئاشكرایكردبوو كە لایەنە توندڕەوەكان هەوڵی دروستكردنی توندوتیژی و پشێوی لە ناوچەكەدا دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە حكومەتی ناوەندی كردبوو پەلە بكات لە بەستنی كۆنگرەی گشتی ئاشتەوایی نیشتمانی.

قەزای شارەبان كە 35 كم لە باكوری خۆرهەڵاتی شاری بەعقوبەی سەنتەری پارێزگای دیالەوە دوورە، ماوەی چەند مانگێكە بەهۆی چالاكی هێزە توندڕەوەكان لە ناوچەكەدا روبەڕووی چەندین كاری تیرۆریستییەوە بۆتەوە، دوایین پەلاماریش رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەڕێگەی كردەوەیەكی خۆكوژییەوە بوو، كە تیرۆریستێك بە پشتێنێكی بۆمبڕێكراوەوە لە پرسەیەكەدا خۆی تەقاندەوەو بەهۆیەوە 12 كەس شەهید بوون و 27 ی تریش برینداربوون.
Top