دوو رۆژە له خانەقین ئاو نييه بۆ خواردنەوە

دوو رۆژە له خانەقین ئاو نييه بۆ خواردنەوە
13ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- ماوەی دوو رۆژە ژمارەیەکی زۆر لە گەڕەکەکانی شاری خانەقین ئاوی خواردنەوەیان لێ‌بڕاوە و ئەمەش نیگەرانیی زۆری لای هاوڵاتیانی شارەکە دروست کردووە. هاوڵاتییەکیش دەلێت، ئاو نییە دەستی پێ بشۆن.

ئەندامی لیژنەی بەرگری لە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵک لە خانەقین \"سیروان نەورۆز\"" بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: سەرباری ئەوەی ئاوەکە لیخن و زۆر پیسە، ماوەی دوو رۆژە ئاوی رووباری سیروان ناگاتە خانەقین و بەم هۆیەوە شارەکە بەم رەمەزانە لە ئاوی خواردنەوە بێ‌بەشە.

سیروان نەورۆز گوتی: کێشەی ئاوی خواردنەوە یەکێکە لە کێشە گەورەکانی شارەکە و چەندین چالاکی و نارەزایەتی و کاری میدیاییان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام داوە و پەیوەندیی بە بەرپرسەکان کردووە، بەڵام هێشتا کێشەکە لەبەر هەر هۆیەک بێت، چارەسەر نەکراوە.

ئەو چالاکوانە ئاماژەشی دا، بێزاریی دانیشتوانی شارەکە لەبەر نەبوونی ئاو لەڕادەبەدەرە و تکا دەکەن ئیتر بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەرێک بۆ ئەو گرفتە بدۆزنەوە.

لای خۆشیەوە هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی ئاوبارەی شاری خانەقین، محەممەد پیانۆ بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: نەبوونی ئاو بە تەواوی بێزاری کردوون و رایگەیاند، ئێستا لە ماڵەوەیان ئاو نییە تەنانەت دەستی پێ‌بشۆن.


ئەو هاوڵاتییە داواشی لەلایەن پەیوەندیدارەکان کرد بەپەلە چارەسەری ئەم گرفتە بکەن.

پەیامنێر بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری ئاوی خواردنەوەی خانەقین، ئەندازیار سەردار کرد، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

کێشەی و گرفتی کەمئاوی لە شاری خانەقین ماوەی چەند ساڵە هەیە و بەتایبەتی لە وەرزی هاوین، بەمهۆیەشەوە هاوڵاتیان ناچار دەبن ئاو بکڕن."
Top