شەش ھەزار یەکەی نیشتەجێبون لەکەلار دروست دەکرێت

شەش ھەزار یەکەی نیشتەجێبون لەکەلار دروست دەکرێت
٩ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا لەکەلار شەش ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرھێنانی گەرمیانیش رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دروستکردنی ئەو یەکانە.

لەلێدوانێکیدا یونس ئەحمەد جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند: لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرھێنانی گەرمیان رەزامەندیان نیشاندا لەسەر دروستکردنی شەش ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەکەلار و لەئایندەیەکی نزیکیشدا ئەو پرۆژە گەورەیە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو یەکەی نیشتەجێبونانە لەخانوو شوقە پێکدێت و نرخ و کوالێتیشیان باش و گونجاو دەبێت، پڕۆژەیەکیان کەوا زیاتر لەسێ ھەزار یەکەیە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەبێت و سێ ھەزار یەکەی نیشتەجێبونەکەی تریش گشتیە ھەر ھاووڵاتیەک پێشتر سودمەند نەبوو بێت دەتوانێت سودەمەند بێت لەو پرۆژەیەدا.

سەبارەت بەشێوەی فرۆشتنی ئەو یەکەکانە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان گوتیشی: پرۆسەی فرۆشتن لەلای ئەوان دەبێت و بەشێوەی ئاشکرا ئەنجام دەدرێت و ھەروەھا نرخی یەکەکانیش تا ئێستا دەستنیشان نەکراوە، نرخەکەی لەلایەن لیژنەیەکەوە دیاری دەکرێ.
Top