٩ی تهمموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- دوێنێ ئێوارە، كە هێشتا راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڵاو نەببووەوە، ژمارەیەك سەتەلایت و سایت و هەروا لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیشدا، هاش وهوشێكی بێ بنەما سەبارەت بە هەڵوێستی كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی لەمەڕ بڕیارە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێم و بڕگەكانی و هەروا بڕیارە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان، بەرپاكرا. لەو بارەوە وتەبێژێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: ئەو هاش وهوشەی بەرپاكراو توانی بە هەواڵی ناڕاست و بێ بنەما بۆ ماوەیەكی كورت رای گشتی چەواشە بكا، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی دەقی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی، كە پێچەوانەی ئەو هەڵڵا بێ بنەمایەی ئەو بەشە لە سەتەلایت و سایتەكان بوو، ئیتر قسەیەكی تری ئێمەی پێویست نیە، چونكە ناوەرۆكی راگەیەندراوەكەی پارتی وەڵامی روونی ئەو هەڵڵایەی دایەوە.