ئاكەپە و بزاڤی كوردی لە سەر مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری پێك هاتن

ئاكەپە و بزاڤی كوردی لە سەر مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری پێك هاتن
٩ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- دوای ئەوەی كە ماوەیەك بوو بە هۆی دەست پێ كردنی مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردەوە لە نێوان حكوومەت و بزاڤی كوردیدا ناكۆكی و ئاڵۆزی هاتبوونە ئاراوە، بەڵام دوای دانیشتنی وەفدی بەدەپە و حكوومەتی توركیا و سەردانی وەفدی بەدەپە و كەجەدە بۆ قەندیل و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكەدا، بزاڤی كوردی و حكوومەتی توركیا لە سەر چۆنیەتی دەستپێكردنی مەرحەلەی دووەم و ناوەرۆكی مەرحەلەكە پێكهاتوونە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەر توركی توركی بڵاویكردووەتەوە كە حكوومەتی توركیا گوتوویەتی: تا كۆتایی بە پرۆسەی كێشانەوە نەهێنرێت مەرحەلەی دووەم و رێفۆرمەكانی مەرحەلەی دووەم دەست پێ ناكرن، بۆیە پێویستە پەكەكە بە خێرایی كۆتایی بە پرۆسەی كێشانەوە بهێنێـت و بەدەپە بازنەی كەمپینی ((حكوومەت هەنگاو بنێ)) بەرتەسك بكاتەوە و هەوڵ بۆ هێوەر كردنەوەی بارودۆخەكەی ناوچەی لیجە بدات. لە بەرامبەریشدا حكوومەت دەست بە ئازاد كردنی ئەو گیراوانە دەكات كە باری تەندروستییان باش نییە و دواتر دەست بە هەموار كردنەوەی یاسای سزای ژمارە 220ی توركیا دەكات كە تایبەتە بە ئەندام بوون لە پەكەكە و پرۆپاگەندە كردنی بۆ پەكەكە و هاوكاری كردنی پەكەكە.
Top