یەکێتی: نەوشیروان مستەفا دەبێ چاوەڕوانی ئاشكراكردنی دۆكیومێنتە رەشەكانی خۆی بكا
دەقی ڕاگەیەندراوی مەکتەبی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان:
نەوشیروان مستەفای رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە بڵاوكردنەوەی زنجیرە وتارێك كردووە، كە بە حسابی خۆی دیكۆمێنتارییەو گوایە نهێنی كۆبوونەوەكانی یەكێتیی و پارتی و كۆمەڵێك باسی تر لەخۆ دەگرێت، ئێوارەی ئەمڕۆش لە كەناڵەكانی خۆیدا چەند پەرەگرافێكی لێ بڵاوكراوەتەوە.
ئێمە وەك دەستپێكێك بۆ ئاشكراكردنی ناڕاستییەكانی و ناساندنی رەفتاری پیلانگێڕانەی نەوشیروان لەناوخۆی یەكێتیی و قین هەڵگرتنی لە هەڤاڵانی ئەوسای و سیاسەتی خۆباڵادەستكردن و خۆزاڵكردنی لەسەر حسابی یەكێتیی و هەڤاڵانی ئەوساشی، ئەم بۆچوونانەی خوارەوە بڵاودەكەینەوە، كە دواتریش، ئەگەر پێویستی كرد، قسەو بەڵگەی زۆرتر سەبارەت بەناساندنی روونتر و بەڵگەدارتری سیاسەت و پیلان و باری سایكۆلۆژی نەوشیروان مستەفا ئاشكرا دەكەین
* * *
ئەگەر ئەو دۆكیومێنتانەی بڵاویان دەكاتەوە هی ئەو سەردەمەبن كە نەوشیروان مستەفا و هێندێ لە هاوڕێبازانی لە پۆست و پلەی باڵای یەكێتیی دابوون، بەتایبەتی دەفتەری مەكتەبی سیاسی و بەڵگەنامەی نهێنی یەكێتیی بەكار بێنێ، ئەوا ئەمە نەك هەر بە رەفتارێكی ناشایستەو ناشیرین حساب دەكرێت، بەڵكو كارێكە لەگەڵ ئەخلاق و دەستپاكی سیاسی و بگرە كۆمەڵایەتیشدا یەك ناگرێتەوەو تەواو ناكۆكە، بۆیە گومانی تیا نیە هەر كەسێك بیكا بە تەواوی لەو پرنسیپانە دائەشۆرێ، ئۆباڵی لێكەوتەكانی ئەو رەفتارەش دەكەوێتە ئەستۆی خودی نەوشیروان مستەفا.
خۆ ئەگەر ئەو دۆكیومێنتانە هی قۆناغی دوای جیابوونەوەی نەوشیروان بێت لە یەكێتیی، دیسانەوە دەچێتە چوارچێوەی جاسوسی كردن بەسەر حزبەكان و ئەمەش پێچەوانەی یاسایە و كاردانەوەو لێكەوتەی خۆی دەبێت.
نەوشیروان مستەفا، ئەو سەردەمەش كە لە ناو یەكیێتیدا پۆستی باڵای هەبوو، هەموو هاوپەیمانی و دۆستایەتیێكی لەگەڵ دەرەوەی یەكێتیی بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكانی خۆی لەناو یەكیێتی و لێدانی ئەو سەركردانە بەكار دەهێنا كە لەگەڵ رای ئەودا نەبوون و بە دڵ و خواستی ئەو هەڵنەدەسوڕان، هەر بۆ نموونە كاتێك كە بڕیاری یەكخستنەوەی حكومەتی هەرێم درا، نەوشیروان تەنها لەپێناوی ئەوەی هەڤاڵێكی ئەوسای لەناو یەكیێتیدا نەبێتە سەرۆكی حكومەتی یەكگرتووی هەرێم، پێداگری زۆری كرد لەسەر ئەوەی كە ئەو پۆستە بدرێتە سەركردەیەكی پارتی.
هەروا ئەو كاتەی لە بەغداشدا تا رادەیەكی كاریگەر بڕیاربەدەستی یەكێتیی بوو، لایەنگری ئەوەی نەكرد كە كەسایەتییەكانی یەكیێتی ببنە وەزیری بەرگری و دەرەوەی عیراق، بەڵام زۆر پەرۆشی ئەوە بوو محمد تۆفیق رەحیمی زاوای ببێتە وەزیرو هەرواشی كردو دووجار زاواكەی كردە وەزیری پیشەسازی عیراق.
دواجار دەڵێین، ئەگەر نەوشیروان مستەفا ململانێكە بباتە ئەو ئاستە و بەو بێ پەرواییە سنوورەكانی ئەخلاقی سیاسی ببەزێنێ، دەبێ چاوەڕوانی ئاشكراكردنی دۆكیومێنتە رەشەكانی خۆی بكا كە دڵنیاین تاكو ئێستا لای بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان ئاشكرا نین.
بۆیە لەكۆتاییدا دەڵێین: نەوشیروان مستەفا بەهۆی دۆخی خراپی سایكۆلۆژی ئێستای خۆی و بێ ئومێد بوون و مایەپووچبوونی لە ئایندە سیاسییەكەی، خۆی فڕێدەداتە ناو چوارگۆشەیەكی ئەوتۆ كە بەهاو شەرعییەتی خۆی دەدۆڕێنی.
بۆ مێژووش ئەمڕۆ یەكێتیی بیروبۆچوونی خۆی لەم بارەیەوە گەیاندۆتە نەوشیروان مستەفا.
مەكتەبی راگەیاندنی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
7/7/2013"
