كۆمەڵەی دۆستایەتی ئەمەریكا - كوردستان ئاهەنگی ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریكای لە هەولێر گێڕا

كۆمەڵەی دۆستایەتی ئەمەریكا - كوردستان ئاهەنگی ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریكای لە هەولێر گێڕا
٧ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- بەبۆنەی 237 ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ، كۆمەڵەی دۆستایەتیی ئەمەریكا - كوردستان ، ئاهەنگێكی لە باخچەی رۆژ سەنتەر لە پایتەخت بەڕێوە برد.


لە ئاهەنگەكەدا كە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سیروان بارزانی سەرۆكی كۆمەڵە وژمارەیەك لە كونسوڵ ونوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمەڵە و هاووڵاتیانی ئەمەریكای نیشتەجێی هەرێم ئامادەی بوون ، پۆڵ سەتڤن كونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان لە پەیڤێكدا وێڕای سوپاسگوزاریی بۆ كۆمەڵەی دۆستایەتیی ئەمەریكا – كوردستان كە ئەم ڕێوڕەسمەی ڕێكخستبوو ، دووپاتیكردەوە پێشكەوتنی ئەمڕۆی جیهان وایكردووە هەبوونی گۆڕانكاری بە هەبوونی هەڵبژاردەی زۆرەوە شتێكی ئاسان بێت ونیشانیدا كوردستان هەرێمێكە هەمیشە لەگۆڕانكاری وپێشكەوتندایە و خاوەنی مێژووێكی پڕ لە خەبات وقوربانییە و لە دەیەی ڕابردوودا هەرێمەكەیان وەكو گوڵ گەشەی كرد و گۆڕانكاری ئیجابی بۆ ئایندەیەكی باشتر هاتنەدی، دووپاتیشیكردەوە ئەوان باش لەو پێشكەوتنە ئاگادارن و باش تێبینی دەكەن و نیشانیدا كورد دۆستی نزیكی ئەمەریكایە و وڵاتەكەی هەمیشەش ئامادەیە ئەو دۆستایەتیە بەرەو پێشتر بخات وهەموو ئاسانكارییەكیش بۆ ئەم مەبەستە پێشكەش دەكات .


هاوكات جۆزێف پێنینتین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كارێكی زۆر چاوەڕوانی دەكات لە كوردستان وهیوایشی خواست هەموولایەك یارمەتیدەری بن بۆ سەرخستنی كارەكانی و جەختی لەسەر زیاتر پتەوتركردنی دۆستایەتیی هەردوولا كردەوە.


لەلای خۆشیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا دۆستایەتیی نێوان كوردستان و ئەمەریكا شتێكی تازە نییە بەڵكو هەردوو گەلی دۆست هەنگاوێكی دوور و درێژیان لەم پەیوەندییە دۆستایەتییەدا بڕیوە و تاوەكو ئێستا گەلی كوردستان ساڵی 1991 ی لەیادە كاتێك ئەمەریكا رۆڵێكی گرنگی لە پێشكەشكردنی یارمەتیی مرۆیی و هێنانەدیی ئارامی بۆ گەلی كوردستان بە پاراستنی ئاسمانی ئەم هەرێمە دوای دانانی ناوچەی دژە فڕین تیایدا و نیشانیدا كەسانێك ئەمڕۆ لەو ئاهەنگەدا ئامادەن كە رۆڵێكی سەرەكییان لەبونیادنانەوەی كوردستانێكی دیموكراسی گێڕا كە ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان بە سەقامگیری تیایدا دەژین.


سەرۆكی فەرمانگە نیشانیدا ، هەمیشە باس لە بەهاكانی دیموكراسی و مرۆڤایەتی و ئازادی دەكرێت كە كوردستان خەباتێكی زۆری بۆ كردووە و قوربانیی زۆری بو داوە و و شانازی بە هەموو دەستكەوتەكانی ئێستای دەكات ئەگەر چی كوردستان ڕێگایەكی درێژی بۆ بونیادنانەوەی كوردستانێكی دیموكراسیتر و سەقامگیرتری لە پێشدایە بەڵام ئەم گەلە بڕیاری داوە ئەوەی لەڕابردوو دەستی پێكردووە تەواوی بكات وگەلی كورد شانازی بەوە دەكات كە دۆست وهاوبەشی ئەمەریكایە و لە دوای ئازادیی عێراق ئەم گەلە سەلماندی كە تاكە دۆستی راستەقینە و دڵسۆزی ئەمەریكایە و كار بۆ عێراقێكی باشتر وئازاد دەكات كە خەڵك تیایدا بە ئارامی بژیت ، ئەگەرچی ئەو هیوایە لە بەشەكانی دیكەی عێراقدا بە دروستی نەهاتە دی بەڵام شانازییە بۆ گەلی كوردستان كە ئەمڕۆ لە ئەزموونێكی دیموكراسیدا دەژیت.


فەلاح مستەفا سوپاسی كۆمەڵەی دۆستایەتیی ئەمەریكا – كوردستان و گەلی ئەمەریكای كرد بۆ بونیادنانەوەی ئەم پەیوەندییە و بوون بە پردێك بۆ زیاتر پێشخستنی ئەم پەیوەندییە و دووپاتیكردەوە گەلی كوردیش لەم رووەوە درێغی ناكات چونكە باوەڕیی بە پەیوەندیی نێوان گەلان هەیە و جەختی لە سەر هەبوونی رێوڕەسمی زیاتری لەمجۆرە كردەوە بۆ زیاتر ئاشناكردنی هەردوو گەل بە یەكتر و تێكەڵبوونی منداڵ وخێزانی هەردوو گەل و نیشانیدا كار وچالاكییەكان تەنها لەچوارچێوەی دانیشتن وكۆبوونەوە فەرمییەكاندا نەبن ، هەرەوەها سوپاسی كونسوڵگەریی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كونسوڵی كە خۆی لە دانی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دا دەبینێتەوە و دووپاتیشیكردەوە كورد لە ڕێگەی خۆی بەردەوام دەبێت بە پتەوتركردنی دۆستایەتیی لەگەڵ حكوومەت و گەلی ئەمەریكا و هیوایشی خواست كۆمپانیا گەورەكانی ئەمەریكا سوود لە دەرفەتی وەبەرهێنان تیایدا وەربگرن وداواشی كرد ئەمەریكا كوردستان وەكو خۆی ببینێت بە تایبەتی لە ڕووی دیموكراسییەت وپاراستنی مافی مرۆڤ و ڕۆڵی یاسا و حوكمی چاك و یارمەتی بدات بۆ بونیادنانەوەی دامودەزگاكانی لە پێناو زامنكردنی ئایندەیەكی باشتر بۆ نەوەكانی داهاتووی گەلی كوردستان .

هەر لەو رێوڕەسمەدا چەندین چالاكی میللی و فۆلكلۆری ئەمەریكا نمایشكران وەكو نەریتێكی ساڵانەی ئەم یادە نمایشكران .
Top