پۆلیسی ھەولێر کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی دوو کەس و ٦٠٠ حاڵەتی دزیکردن دەستگیر دەکات
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر ڕائید کاروان عەبدولکەریم، ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی لە رۆژی ٢٨/٤/٢٠١٣ حاڵەتێکی کوشتن لە پیشەسازیی باشوور لە ھەولێر تۆمار کرا، ھێزەکانی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان پاش لێکۆڵینەوەی ورد لە حاڵەتەکە، توانییان کەسێک دەستگیر بکەن کە دانی بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە و حاڵەتێکی دیکەی کوشتندا ناوە.
ڕائید کاروان عەبدولکەریم ھەروەھا ئاماژەی دا کە جگە لەو تاوانانەش، تاوانباری ناوبراو ئەوەشی درکاندووە کە پتر لە ٦٠٠ دزیی لە ھەولێر و دەوروبەریدا ئەنجام داوە، بۆیە پەڕاوی لێکۆڵینەوە خراوەتە بەردەم دادوەر و بڕیار دراوە بە بەندکردنی تاوانبار بەپێی ماددە (٤٠٦) لە یاسای سزادان.
گوتیشی: وێڕای ئەوەی زۆربەی کەلوپەلەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێندرێنەوە، تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تاوانبارەدا بەردەوامە و دۆسیەی تایبەتی بۆ کراوەتەوە.
