سەرۆک بارزانى گەیشتە بەغدا
لەوبارەیەوە عەلی موسەوی راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراق رایگەیاند ئامانج لەسەردانەکە چالاککردنی کاری لیژنە ھاوبەشەکان و تاوتوێکردنی یاسا پەکخراوەکانە، وتیشی ئەمە یەکەمین سەردانی سەرۆکی ھەرێمە بۆ بەغداد لەدوای پێکھێنانی حکومەتی شەراکەتی نیشتیمانی لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٠دا.
ھاوکات موحسن سەعدون جێگری سەرۆکی کوتلەی ھاوپەیمانی کوردستانی بە(رۆژنامەی ئەلێەباح)ی راگەیاندوە کەبارزانی سەرۆکایەتی وەفدێکی ھەرێم دەکات بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە ھەڵپەسێراوەکانی نێوان ھەردولا، وتیشی لەمیانەی سەردانەکەیدا کەرۆژێک دەخایەنێت، سەرۆکی ھەرێم چاوی دەکەوێ بەنوری مالکی سەرۆک وەزیر و ئوسامە نجێفی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی کوتلەسیاسیەکان و ژمارەیەک لەلێپرسراوانی باڵای حکومەت. راشیگەیاند لەسەردانەکەدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی و دەستپێکردنی کارکردنی ئەو لیژنانە دەکەن کەلەنێوانی ھەردوولادا بۆ چارەسەری دۆسیە ھەڵپەسێراوەکان بەپێی دەستور پێکھێنراوە.
جێی باسە پێشتر حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێم رێککەوتبون لەسەر کارنامەیەکی حەوت خاڵی ھاوبەش لەبارەی دۆسیە ھەڵپەسێراوەکانی نێوان ھەردوولا لەنێویاندا پرۆژەی یاسای نەوت و گاز و فەرماندەکانی عەمەلیاتی دیجلە و جەزیرە و پرۆژەی یاسای دیاریکردنی سنوری ئیداری ناوچە دابڕاوەکان.
