٨٥٠ تۆن دەرمانی ئێکسپیایەر فەوتێندراوە و لەمەوپاش کۆگایەک بۆ دەرمان بە ١٠ ملیۆن دۆلار دروست دەکەین

٨٥٠ تۆن دەرمانی ئێکسپیایەر فەوتێندراوە و لەمەوپاش کۆگایەک بۆ دەرمان بە ١٠ ملیۆن دۆلار دروست دەکەین
٧ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- د.رێکەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (گوڵان)ی راگەیاند: ئێمە لە کابینەی حەوتەمی ھەرێمی کوردستاندا بۆ باشترکردنی ڕەوشی خزمەتگوزاری تەندروستی سێ ستراتیژیەتمان دەست پێکردووە، یەکەمین ستراتیژمان ئەوە بووە کە بەگژ کێشە ھەنووکەییەکان و کێشەکانی ئێستادا بچینەوە لەوانە کۆنترۆڵ کردنی ڕەوشی دەرمان کە وەکو خۆتان ئاگادارن ئێمە ھەر لە سەرەتاوە ھەم بە دانانی پزیشکی دەرمانساز لە ناو بازگەکان بە تەنسیق لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایش و تۆکمەکردنی بازگەکان ھەروەھا بە دانانی ڕێوشوێنی تازە بۆ ھاوردەکردنی دەرمان بە پێی یاسا ھەروەھا گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی واژۆکردووە بۆ چارەسەرکردنی دەرمان.

د.رێکەوت گوتیشی: لە پلانماندایە بینایەکی تازەی کوالیتی کۆنترۆڵ دروست بکەین و کۆگایەکی ناوەندیی لە ھەولێر بۆ عەمبارکردنی دەرمان بە بڕی ١٠ملیۆن دۆلار دروست بکەین، ھەروەھا بە دانانی ستیکەرو نرخ لەسەر دەرمان ھەروەھا بە گژاچوونەوەی دەرمانی ئیکسپایەرو خراپ کوالیت کە نزیکەی ٨٥٠تۆن دەرمان دەستی بەسەردا گیراوە، تۆکمەکردنی ھۆبەی چاودێری بازاڕ، ئەمانە ئەو کێشە ھەنووکەیییانە بوون لە دەرماندا.

ھەروەھا گوتی: لەسەر ئاستی کەمی ژمارەی پزیشک لە شوێنە دوورەکان ئێمە ئێستا بە شانازییەوە دەڵێین لە سەرەتای کابینەی حەوت لە کۆیەو مێرگەسوورو شەقڵاوەو کفری و سەیسادق و لە زۆر شوێنی تر پزیشکی نەشتەرگەرو بێھۆشکارو پزیشکی ئافرەتان و مناڵبوون نەبوو،ئێستا خۆشبەختانە لەو شوێنانە کلینیکی ڕاوێژکاری کراونەتەوەو ژمارەی پێویستی پزیشکیان بۆ دابین کرا کە سوودی زۆری بۆ ھاووڵاتیان ھەیە، عیادەی بیست و چوار کاتژمێری کراوەتەوە، ستراتیژی دووەم بەگەڕخستنی پڕۆژەی گەورەیە کە لەم ماوەیەدا چەندەھا پرۆژەی گەورە بەردی بناغەی بۆ دانراوە، لەوانە پرۆژەی نەخۆشخانەی سەد تەختی شێرپەنجە لە دھۆک، نەخۆشخانەی سێسەد تەختی لە دایک بوون و مناڵبوون لە دھۆک، نەخۆشخانەی سێسەد تەختی ئیمرجنسی لە دھۆک و نەخۆشخانەی سەد تەختی لە بەردەڕەش ھەروەھا ھاوشێوە لە خەبات و نەخۆشخانەی سێسەدتەختی لە ناو شاری ھەولێر، ھەروەھا نەخۆشخانەی دووسەد تەختی مناڵ و مناڵبوون لە سلێمانی، نەخۆشخانەی دووسەد تەختی ڕۆماتیزم و ڕاھێنانەوەی سروشتی لە سلێمانی، نەخۆشخانەی دووسەدو نەوەدتەختی لە ڕانیە، ھەروەھا لە ئایندەی نزیکدا چەند بەردی بناغەیەک دادەنێین لەوانە نەخۆشخانەی پەنجا تەختی لە حەریرو لە ڕەواندز و بیست و پێنج تەختی لە سیدەکان و کۆگای دەرمان لە ھەولێرو سەنتەری تالاسیمیا لە ھەولێر و نەخۆشخانەی سەدوبیست تەختی شێرپەنجە لە سلێمانی و نەخۆشخانەی سەدتەختی چاندنی بەشەکان و ئەندامەکانی لەش لە سلێمانی و پەنجا تەختی حومەیات لە سلێمانی و پەنجا تەختی سەد تەختی لە چەمچەمەڵ لە گەرمیان

وەزیری تەندروستی زیاتر گوتی: سێیەمین خاڵ لە ستراتیژدا بریتیە لە مۆدێرن کردنی سیستمی تەندروستی ئەویش لە چەند خاڵێک خۆی دەبینێتەوە یەکەمیان دروست کردنی بۆردی تەندروستی بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆو سەرۆکایەتی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ھۆیەوە چەند پرسێک ئامادە دەکەین و تاووتوێیان دەکەین، لەوانە زیاتر ڕوونیی بدەین بە کاری سەندیکاکان کە ئێستا بە داخەوە تێکەڵی بە کاری سەندیکاو کاری وەزارەتەوە دیارە، ھەروەھا جیاکردنەوەی کەرتی تایبەت لە کەرتی گشتی، بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستمان لە ڕێی وەزارەتی پلانەوە کردووە سوپاسیان دەکەم کە زۆر ھەماھەنگن لەگەڵماندا ھەروەھا گرێبەستمان لەگەڵ بانقی نێودەوڵەتی کە چەند پسپۆرێکمان بۆ ناردوین بۆ جیاکردنەوەی کەرتی تایبەت لە کەرتی گشتی و پلانێکی پێنج ساڵییان بۆ داناوین کە چۆن سیستمی تەندروستی چاک بکەین و ڕێکیان بخەین،ئەمە بە کورتی ئەو سێ تەوەرەیە کە کارمان لەسەر کردون، کە مەبەست لێی پڕکردنەوەی کەموکوڕییە ھەنوکەییەکان و تەواوکردنی ژێرخانی تەدروستی و پرۆژەی تازە، سێیەمیش گۆڕانکاری لە سیستمی تەندروستیدا.
Top