دوو وێستگەی ئۆتۆماتیكی كەشناسی لەسنووری پارێزگای دهۆك دەكرێنەوە
لە سەرەتای كردنەوەی هەردوو پڕۆژەدا لەلایەن ئەندازیار (ئازاد عومەرموسا) ووتەیەك بەناوی بەڕێز وەزیری گواستنەوەو گەیاندن پێشكەش كرا و باسی لەگرنگی پڕۆژەكە كرد كە پێشكەوتنێكی گرنگ دێنێتە ئاراوە لەبواری كەشناسی لە هەرێمی كوردستان و ئەو دوو پرۆژەیەش لەسەر بوودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بنیاتنراون دەچنە ناو تۆڕی کەشناسی هەرێمی کوردستان کە لە 31 وێستگە لە سەرانسەری هەرێم پێکدێت و گرنیگیدان بە کەشناسی و بومەلەرزەزانی بەشێکی گرنگن لە ستراتیژیەتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن .
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتی دیوان ئاماژەی بە هەنگاوەکانی داهاتوو کرد بە تایبەتی دامەزراندنی وێستگەیەکی نوێی پێشبینی کەش و هەوا و بەستنەوەی راستەوخۆی بە مانگە دەستکردەکانەوە بۆ ئاگاداربوونی پێشوەختە لە کەش وهەوا ، لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی و کۆمپانیای جێبەجێکار کرد .
هەروەها پرۆژەی وێستگەی كەشناسی مانگێش لەلایەن بەرێز (فازل ئیبراهیم ) بەرێوەبەری گشتی كەشناسی وبوومەلەرزەزانی كرایەوە .
شایەنی باسە ئەم دوو وێستگەیە لەسەر بوودجەی حكومەتی هەرێم كوردستان بەگوژمەی (377000000) سێ سەدوو حەفتاو حەفت ملیۆن دیناری عێراقی جێ بەجێ كراوە كەنوێترین تەكنەلۆژیای بواری كەشناسی تیایدا بەكارهاتووە و سەرجەم رەگەزەكانی ئاو و هەوا تۆماردەكات دواتر لەرێگەی سیستەمی gprs بەستراوەتەوە بەتۆڕی كەشناسی هەرێمی كوردستان و زانیاریەكان لەداتا سێنتەرێك لەپارێزگای هەولێر كۆدە كرێتەوە .
شایانی باسە هاووڵاتیان لەهەرێمی كوردستان و سەرانسەری جیهان دەتوانن لە رێگای تۆڕی ئینتەرنیتەوە راستەوخۆ زانیاریەكانی كەشناسی لەم وێستگانە بەدەست بهێنن.
