كونسوڵی گشتی تازەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوو
لە دیدارەكەدا فەلاح مستەفا سوپاس و دەستخۆشی لە كارەكانی بەڕێز پۆل سەتفین كونسوڵی گشتی پێشووی ئەمەریكا لە هەرێم كرد كە رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە زیاتر پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بوارە جیاجیاكان. هاوكات پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێز جۆزیف پێنینتن كونسوڵی گشتی تازەی ئەمەریكا لە هەرێم كرد و هیوای سەركەوتنی لەم ئەركە تازەیەی بۆ خواست.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگیەك لە پێناو سوود و بەرژەوەندی هەردوولاو زیاتر پێشخستنی پەیوەندیە سیاسی و ئابووری و كەلتوریەكان و هەردوولا جەختیان لەسەر زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكان كردەوە.
رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی عیراق و گفتوگۆكردن سەبارەت بە دوایین پێشكەوتنەكانی ناوچەكە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
