كۆمپانیا بەریتانییەكان مۆڵی كشتوكاڵی بۆ ساخكردنەوەی بەروبوومی جووتیاران لە كوردستان دەكەنەوە

كۆمپانیا بەریتانییەكان مۆڵی كشتوكاڵی بۆ ساخكردنەوەی بەروبوومی جووتیاران لە كوردستان دەكەنەوە
پرۆفیسۆر سیروان بابان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازی كرد لە شاندێكی باڵای بریتانی كە پێكهاتبوو لە سیمۆن كۆلیس باڵیۆزی بریتانیا لە عیراقی فیدرال و هۆغ ایفانس قونسڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان،لە دیدارەكەدا كە بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون ئامادەی بوو.

لە دیدارەكەدا باس لە رۆڵی كۆمپانیا وەبەرهێنەرو بازرگانەكانی بریتانیا كرا لە بووژاندنەوەی كشتوكاڵی كوردستان لە رێگەی بەشداریكردنیان لە دۆزینەوەی بازاڕی ساخكردنەوەی بەروبوومی جووتیاران ئەویش بەو شێوەیەی كە كۆمپانیای زەبەلاحی بەریتانی پسپۆڕ لە مۆڵی كشتوكاڵی بێنە كوردستان و مۆڵی گەورە بكەنەوە كە تایبەت بێت بە وەرگرتنی بەروبوومی كوردستان لە سەوزەو میوە تاكو بەم پێیە بتوانرێت وەبەرهێنەرانی دەرەوە رابكێشرێنە ناو هەرێمی كوردستان و ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ كرانەوە بەرووی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ هەناردەكردنی ئەو بەروبوومەی كە لە پێویستی كوردستان زیاد دەبێت كە ئەم سیستەمە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پەیڕەو دەكرێت.

لە لای خۆشیانەوە شاندی بریتانیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ ئەم پێشنیارە دووپاتكردەوەو ئاماژەشی بەوەدا كە پێشتریش هانی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیان داوە تا لەم بوارەدا وەبەرهێنان بكەن، ئەمەو وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختی كردەوە كە ئامانجی سەرەكی لە پلانی ستراتیژیی وەزارەت بریتییە لە زیادكردنی بەرهەم لەرووی چەندایەتی و كوالیتییەوە،ئاماژەشی بەوەكرد كە وەزارەت پشتی بە شارەزایی پسپۆڕانی بیانی و زانكۆكانی دەرەوە بەستووە بە تایبەتیش لە رووی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی كە كاریگەری هەبێت لەسەر بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و لە كۆتاییشدا بخرێتە خزمەت بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە بەروبوومەی كە بتوانێت بەرەو رووی دیاردەكانی كەش و هەوا بە تایبەتیش وشكەساڵی ببێتەوە.

هەر لە میانی ئەو دیدارەدا شاندی میوان باسیان لە چالاكی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیان كردو ستایشی رۆڵی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویان كرد لە دابینكردنی ئاسانكاری و هاوكاری بۆ وەبەرهێنەرو خاوەن كۆمپانیاكان تاكو لە هەرێمی كوردستان كاری خۆیان راپەڕێنن.
Top