بزوتنەوەی ئیسلامی وەڵامی نامەكەی سەرۆك بارزانی دەداتەوە و دەڵێ: دەستوور بۆی هەیە بخرێتە ریفراندۆمەوە

بزوتنەوەی ئیسلامی وەڵامی نامەكەی سەرۆك بارزانی دەداتەوە و دەڵێ: دەستوور بۆی هەیە بخرێتە ریفراندۆمەوە
12 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی وەڵامی نامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەداتەوەو دەڵێت: دەستوور بۆی هەیە بخرێتە ریفراندۆمەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بەدەنگی زۆرتر جێگیر بێت، با كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكانی لەسەر بێت.


دەقی وەڵامەكەی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز كە لە ماڵپەری فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی بڵاوكراوەتەوە:

بەرێز / جەنابی كاك ( مسعود بارزانی ) سەرۆكی هەرێمی كوردستان الســلام عـلـیـكـم

ب/وەڵام
ئاشكرایە كوردستان ماوەی زیاتر لە 21 ساڵە لە لایەن كوردەوە حوكم ڕانی دەكرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەم هەرێمە بێ‌ دەستورە،بەمەبەستی ئەوەی هەرێمەكەمان ببێتە خاوەن دەستورێك كەمافی سەرجەم پێكهاتەو ئایینەكان و گەلی كوردستان دابین بكات ئەم چەند خاڵە ئەخەینە بەردەستی بەرێزتان:

یەكەم: ئێستا هەرێمەكەمان لە بۆشایی دەستوریدا دەگوزەرێت،لەبەرەنجامی ئەوەشدا ناوە ناوە تەنگەژەو قەیران سەر هەڵدەدەن،چونكە مەرجەعێكی دەستوریمان نییە بۆ یەكلاكردنەوەو چارەسەركردنی ئەو كێشە و پێشهاتانە.

دووەم: ڕەشنووسی دەستوری هەرێم لەكاتی خۆیدا قۆناغە یاساییەكانی بڕیوەو بۆی هەیە بخرێتە ریفراندۆمەوە،بەڵام بۆ ئەوەی بەدەنگی زۆرتر جێگیر بێت و خەڵكی كوردستان بەجۆش و خرۆشەوە دەنگی پێبدەن، پێویستی بەكۆ دەنگی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هەیە تاكۆتا دەنگی نیشتیمانی لەسەر دروست بكرێت،لەبەر ئەوە چاوەروانی ئەو هەنگاوە دەكرێت لەبەرێزتان.

سێیەم: هەندێ ماددە و برگەی دژ بەیەك لەرەشنوسی دەستوردا هەیە،لەبەر ئەوە پێویستە كەسانی پسپۆر پێداچوونەوەی بۆ بكەن .

چوارەم: لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای هەرێم و ناوچەكە كارێك نەكرێت درز و كەلێن و ناكۆكی بكەوێتە نێو ریزەكانی گەلی كوردستان و لەو رێگەیەشەوە ئاسایشی كۆمەڵایەتی بكەوێتە مەترسیەوە،هەر لەبەر ئەوە پاراستنی یەك ریزی و هاوهەڵوێستی و تۆكمەیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و جەماوەر لەم قۆناغەدا لە ئەولەویات و كارەسەرەكییەكانی ئێستا و داهاتوومان بێت .

پێنجەم: هەر كاتێك بریاری هەمواركردنەوەی رەشنووسی دەستور درا ئەو كات ئێمە تێبینی و سەرنج و ڕای خۆمان ئاراستە دەكەین لەسەر ماددە و بڕگەكانی رەشنووسەكە بۆ لیژنەی راسپێردراو بۆ هەمواركردنەوەی ، هەروەك و چۆن لەكاتی خۆیدا لەچەندین خاڵدا تێبینی خۆمان ناردووە .

لەكۆتایدا هیوادارین هەمیشە بەرێزتان سەركەوتووبن لەئەركەكانتان لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی گەلەكەمان و ئایندەیەكی رۆشنتر بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوومان. لەگەڵ رێزمان ...
هەرشاد و سەركەوتوبن

عیرفان عەلی عبدالعزیز

رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی
Top