11 حوزهیران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی و پزیشكی لە عێراق رایانگەیاند كە لە ئاكامی كردەوەكانی توندوتیژی كە ئێوارەی دوێنێ ژمارەیەك شار و شارۆچكەی عێراقی گرتەوە بەلایەنی كەم حەفتا كەس شەهیدكران كە بیست و نۆ كەسیان لە شاری موسڵن. لە شاری موسڵ پێنج ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو بارەگاكانی سوپای عێراق و پۆلیسیان كردە ئامانج بەهۆیەوە بیست و نۆ كەس شەهید بوون . دواتر هێزە ئەمنییەكان هاتوچۆیان لە بەشێكی ئەم شارە قەدەغە كرد . لە پارێزگای دیالەش لەناو بزارێكی میللی لە ناوچەی جدیدە شەت سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو كە یەكێكیان كەسێكی خۆكوژ تەقاندیییەوە بەهۆیەوە سێزدە كەس شەهید و پەنجاو سێی دیكە بریندار بوون . لە ناوچەی تاجی باكووری شاری بەغدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو تەقییەوە كە لە نزیك دوكانێكی ماسی فرۆشتن راگیرابوو بەهۆیەوە حەوت كەس شەهید و شازدەی دیكە بریندار بوون . شایانی باسە لە ماوەی دە رۆژی دوایی مانگی ئایاری رابردوو نزیكەی پەنجا ئۆتۆمبێل لە عێراق تەقێندراوەتەوە كە بە سەدەها كەس بوونەتە قوربانی . بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لەم مانگەدا لە عێراق زیاتر لە هەزار كەس شەهیدكراون، بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ مانگی ئایاری رابردوو بە خوێناویترین مانگ هەژمار دەكرێت كە تیایدا كردەوە توندو تیژییەكان بەردەوامی هەبووە .