وەزیری تەندروستی پێشوازی لە باڵیۆزو كونسوڵی فەرەنسا لە عیراق و هەرێم كرد

وەزیری تەندروستی پێشوازی لە باڵیۆزو كونسوڵی فەرەنسا لە عیراق و هەرێم كرد
11 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- بەمەبەستی زیاتر پێشخستن و بەرەو پێشبردنی رەوشی تەندروستی هەرێمی كوردستان و بەرزكردنەوەی ئاستی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی هەرێم، حكومەتی فەرەنسا هاوكاری و پاڵپشتی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەكات، بۆئەم مەبەستەش ئێوارەی دوێنێ 10-6-2013 لەدیوانی وەزارەت د.رێكەوت حمەرەشید وەزیری تەندروستی هەرێم پێشوازی لە باڵوێز و كونسولی گشتی فەرەنسا لەعێراق و هەرێمی كوردستان كرد.


لەدیدارێكدا وەزیری تەندروستی كورتەیەكی لەبارەی رەوشی تەندروستی هەرێم بۆ وەفدی میوان خستە روو هەروەك هەوڵەكانی وەزارەتیشی بۆباشتركردنی كەرتی تەندروستی دوپاتكردەوە لەرێگەی كردنەوەی خول و راهێنان و هاندانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی بەمەبەستی بەرزكردنەوەی بروانامەكانیان و بەرەو پێشبردنی ئاست و تواناكانیان.


پاشان دۆنی گۆئێغ باڵوێزی فەرەنسا لەعێراق تیشكی خستەسەر پێشكەوتنەكانی هەرێم و رای گەیاند وەك حكومەتی فەرەنسا ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاریەكین بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی و باشتر كردنی ئەو كەرتە، وتیشی لەئێستادا لەهەوڵی دابین كردنی كورسی خوێندن لەبوارەكانی پزیشكی و دەرمانسازی بۆپزیشكانی هەرێم لەزانكۆكانی فەرەنسا.
Top