دەقی وتاری سەرۆكی حكومەت لە دانانی به‌ردى بناغه‌ى 80 پڕۆژه‌ى به بڕى 400 ملیۆن دۆلار له هه‌ڵه‌بجه
به‌ڕێزان، ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور و هه‌ورامان، ڕۆژتان باش.
پێشه‌كى ده‌مه‌وێ داواى لێبوردن بكه‌م له‌وه‌ى كه ماوه‌يه‌كى زۆره ئێوه چاوه‌ڕێ بوون، به‌ڵام ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ترمان هه‌بوو؛ دوا كه‌وتووين، هيوادارم بمانبوورن.
شه‌هیدان و كه‌سوكاری شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه؛ سڵاوی خواتان لێ بێت.
زۆر دڵخۆشم كه ئه‌مڕۆ به كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌وه دێين بۆ هه‌ڵه‌بجه، ئه‌مڕۆ له ده‌ورى نزیكه‌ی 183 ملیار دینار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و ستراتیژی بۆ هه‌رسێ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق و پێنجوێن ڕاده‌گه‌یه‌نین كه له‌سه‌ر بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره خۆڕاگر و شۆڕشگێڕه دابین كراوه. هه‌روه‌ها پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاویش ده‌ست پێ ده‌كه‌ین بۆ ناوچه‌كه.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
ئێمه له سه‌ره‌تای پێكهێنانی حكوومه‌تدا بڕیاری خۆمان ئاشكرا كرد بۆ بایه‌خدان به هه‌ڵه‌بجه و ئه‌و ده‌ڤه‌ره به شێوه‌يه‌كى گشتی، دوای ئه‌وه‌ش یه‌كسه‌ر لیژنه‌یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تيی حكوومه‌ت كه‌وته لێكۆڵینه‌وه له پێویستییه‌كانی ناوچه‌كه، ئه‌نجامه‌كه‌یشی ئه‌مڕۆ ده‌یان پڕۆژه‌یه كه هه‌موویان پێكه‌وه ناوچه‌كه ده‌گه‌یه‌ننه پێشكه‌وتنێكی زیاتر له ڕووی ژێرخان و خزمه‌تگوزاريی ڕۆژانه‌وه. لێره‌شه‌وه زۆر سوپاسی ماندووبوون و دڵسۆزيی لیژنه‌كه ده‌كه‌م، زۆر سوپاسى وه‌زاره‌ته په‌يوه‌نداره‌كان ده‌كه‌م و زۆر سوپاسى جه‌نابى پارێزگارى سلێمانى ده‌كه‌م كه زۆر هه‌وڵى دا و جه‌نابى قايمقاميش هه‌ر به‌و شێوه‌يه.
له كابینه‌كانی ڕابردوودا زۆر پڕۆژه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه جێبه‌جێ كراون. له ناو ئه‌و كاولكارییه‌ی ڕژێمی به‌عس دروستی كردبوو، به سایه‌ی سه‌دان پڕۆژه‌ی حكوومه‌ت و هیممه‌تی خه‌ڵك؛ ژیان له‌و ناوچه‌یه جارێكى تر گه‌شایه‌وه. ئێستاش كابینه دوای كابینه، ساڵ دوای ساڵ، پڕۆژه‌كان بۆ ئه‌و ناوچه‌یه زیاتر ده‌بن. ئه‌وه نیشانه‌ی خاوه‌ن به‌ڵێنیی حكوومه‌ته بۆ ئه‌و ناوچه‌یه. ئه‌وه نیشانه‌ی ڕێزگرتنی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه له قوربانیدانی ئه‌و ناوچه‌یه.
ئێمه ئه‌مڕۆ بایی 154 ملیار دینار پڕۆژه ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه و ناحیه‌كانی ته‌وێڵه و بیاره و سیروان و خورماڵ كه پڕۆژه‌كانی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه بریتین له 50 پڕۆژه، پڕۆژه‌كانی بیاره و ته‌وێڵه بریتین له 14 پڕۆژه، پڕۆژه‌كانی ناحیه‌ی خورماڵ بریتین له 15 پڕۆژه، پڕۆژه‌كانی ناحیه‌ی سیروانیش بریتین له 8 پڕۆژه.
هه‌روه‌ها ئه‌و پڕۆژانه‌ی له لایه‌ن لیژنه‌ی سه‌رۆكایه‌تيی حكوومه‌ته‌وه بۆ قه‌زای پێنجوێن دیاری كراون بریتین له 4 پڕۆژه‌ی گرنگ كه بایی 11 ملیار دینارن، هه‌روه‌ها بایی 2 ملیار و 750 ملیۆن دیناریش پڕۆژه له لایه‌ن پارێزگای سلێمانییه‌وه بۆ ئه‌و قه‌زایه پێشنیاز كراون.
هه‌ر ئه‌مڕۆ و لێره‌دا بۆ قه‌زای سه‌ید سادقیش 8 پڕۆژه ڕاده‌گه‌یه‌نین كه بایی 12 ملیار دینارن، جگه له 4 پڕۆژه‌ی تریش كه له لایه‌ن پارێزگای سلێمانییه‌وه پێشنیاز كراون و بایی 2 ملیار و 800 ملیۆن دینارن. ئه‌و پڕۆژانه بواری ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، كشتوكاڵ، گه‌شتیاری و خزمه‌تگوزارییه‌كان له ناوچه‌كه به‌ره‌و پێشتر ده‌بات.
كه‌سوكاری به‌ڕێزی شه‌هیدان و قوربانیان،
له ناو ئه‌و پڕۆژانه‌دا 1000 (خانووی خۆكرد) بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ته‌رخان كراوه كه حكوومه‌ت زه‌وی و بڕی 27 ملیۆن دینار ته‌رخان ده‌كات بۆ هه‌ر خانوويه‌ك، هه‌روه‌ها هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانی تریش بۆ ئه‌و خانووانه دابین ده‌كات له شه‌قام و ئاو و كاره‌با.
بۆ بریندارانی چه‌كی كیمیاویش هه‌موو چاره‌سه‌رێك له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان دابین ده‌كات. هه‌ر له‌و بواره‌دا ئێستا كار له‌سه‌ر دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌كرێ كه تیمی تایبه‌تی پزیشكی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه‌وه بێنین بۆ ئه‌و بریندارانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕایده‌گه‌یه‌نین كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی بریندارانی چه‌كی كیمیاوی له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر كردوومانه و له‌مه‌ودواش زیاتر په‌ره به‌م پرۆسه‌يه ده‌ده‌ین.
هه‌ر لێره‌شدا كه له ساڵیادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه نزیك ده‌بینه‌وه، داوا له حكوومه‌تی فیدرالی عێراق ده‌كه‌ین كه بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كان جێبه‌جێ بكات سه‌باره‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی تایبه‌تی كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال. چونكه ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كه مافێكی یاسایی ئه‌م خه‌ڵكه‌يه به پێی بڕیاری دادگا، له هه‌مان كاتدا یه‌كێك بووه له‌و خاڵانه‌ی كه له نێوان هاوپه‌یمانيی نیشتمانيی عێراق و ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له ساڵی 2010دا وه‌ك یه‌كێك له 18 خاڵه‌كه‌ی لایه‌نی كوردی ئیمزای له‌سه‌ر كراوه له لایه‌ن به‌ڕێز نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه. هيوادارم به زووترين كات ئه‌وه بكه‌وێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه بۆ دڵنيايى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوه‌كان و خانه‌واده‌ى شه‌هيدان.
به‌ڕێزان،
جگه له‌و پڕۆژانه؛ یه‌كێك له پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی دیكه‌ى كه ئه‌مڕۆ بۆ قه‌زای هه‌ڵه‌بجه و سه‌ید سادق ڕايده‌گه‌يه‌نين، پڕۆژه‌ی ئاوه كه گرێبه‌ستی دروستكردنى له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (سۆنگ یۆنگ)ی كۆری ئیمزا كراوه، كه بڕی 193 ملیۆن دۆلاری تێ ده‌چێت. ئه‌و پڕۆژه‌یه ئاوی پاك بۆ ماوه‌ی 25 ساڵی داهاتوو بۆ گه‌ڕه‌كه كۆن و تازه‌كانی ناحیه‌ی سیروان و هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق دابین ده‌كات، ماوه‌ی پڕۆژه‌كه‌ش 24 مانگه. ئیتر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه دوای ئه‌و پڕۆژه‌یه 24 كاتژمێر به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئاوی پاكیان له ماڵه‌كانیاندا ده‌بێت. لێره‌دا جێى خۆيه‌تى سوپاسى ئاژانسى جايكاى ژاپۆنيش بكه‌م بۆ هاوكارى و يارمه‌تيمان له‌و ڕوويه‌وه.
ئه‌و پڕۆژه‌یه پێداویستییه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه پڕ ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها ئێمه ئاگاداری داواكاريی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ين بۆ تاپۆكردنی زه‌وی و خانووه‌كانیان. ئێمه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لیژنه‌یه‌كمان پێك هێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی یاسایی ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ناوچه‌ی شاره‌زوور،
كه ده‌ڵێین؛ شاره‌زوور خاوه‌ن تێكۆشان و مێژوویه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده، ئه‌وه هه‌روا پێداهه‌ڵگوتن نییه، به‌ڵكو ئه‌وه كورتكراوه‌ی مێژووی شاره‌زووره. شاره‌زوور؛ له سه‌رده‌مه كۆنه‌كان و دوای ده‌ركه‌وتنی ئیسلام؛ مه‌ڵبه‌ندی چه‌ندین بیرمه‌ندی گه‌وره بوو كه به‌رهه‌مه‌كانیان كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر ژیانی فیكری و چاكسازيی كۆمه‌ڵایه‌تيی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی ناوچه‌كه داناوه، له‌وانه‌ش ئیبن سه‌لاحى شاره‌زووری، مه‌ولانا خالدى نه‌قشبه‌ندی، شێخ عوسمانى سیراجه‌دین. هه‌روه‌ها مه‌وله‌وی و نالی و گۆران و بێكه‌س و چه‌ند شاعیری دیكه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه، كه‌لتوور و ئه‌ده‌بی كوردی‌یان ڕه‌نگین و زه‌نگین كرد و بوونه قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی. گه‌وره‌یی و كاریگه‌ريی شاره‌زوور له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان به ڕاده‌یه‌ك بوو كه (شاره‌زوور) یه‌كێك بوو له ويلایه‌ته‌كانی سه‌رده‌می عوسمانی. ئێستاش ئێمه له‌وه ده‌كۆڵینه‌وه كه ڕێگه‌یه‌كی یاسایی بدۆزینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئیداره ناوچه‌ییه‌كان به ته‌واوی دابنێین و ته‌نانه‌ت له دواڕۆژدا ئه‌گه‌ر یاساكانی عێراق ڕێگه‌مان پێ بده‌ن هه‌ڵه‌بجه بكرێته پارێزگا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه له كابینه‌ی حه‌وته‌م په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ین؛ ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بده‌ین به پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان. زۆر جار له كۆبوونه‌وه به‌رده‌وامه‌كانماندا له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا؛ پێیان ده‌ڵێين: ئێوه سه‌رۆكی حكوومه‌تی پارێزگاكانی خۆتانن، ئه‌وانیش ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بده‌نه قه‌زا و ناحیه‌كان. بۆ هه‌ڵه‌بجه و قه‌زاكانی دیكه‌ش هه‌مان بۆچوونمان هه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بدرێته قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانی، چونكه پێمانوایه ئه‌وه ڕێگه‌یه‌كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین له‌به‌رده‌م كاری هاووڵاتیان و ڕێگه‌یه‌كی گونجاویشه بۆ چالاكتربوونی حكوومه‌ت.
خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری هه‌ڵه‌بجه،
قوربانیدانی هه‌ڵه‌بجه، زوڵملێكراویی هه‌ڵه‌بجه؛ بووه ناسنامه‌ی ئه‌و جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له كورد كرا. هه‌موو كورد هه‌ڵه‌بجه به ناسنامه‌ی چه‌وه‌ساوه‌یی خۆی نیشانی جیهان ده‌دات. له بیرمانه دوای كۆمه‌ڵكوژيی هه‌ڵه‌بجه؛ كوردانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌درانه به‌ر گولـلـه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌و كاته‌وه و تائێستا ڕۆژی 16/3 وه‌ك ڕۆژی ماته‌مینی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان یاد ده‌كرێته‌وه.
هه‌موو كورد دیمه‌نی عومه‌ری خاوه‌ری له پێش چاوه، كه چۆن نه‌وه‌كه‌ی ده‌پارێزێت، هه‌موومان مه‌یته‌كانی عه‌نه‌ب و عه‌بابه‌یلێ و مله‌قه‌ویمان له‌پێش چاون كه چۆن ده‌یانویست خۆیان ڕزگار بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌رباز نه‌بوون.
هاواری هه‌ڵه‌بجه گه‌یشته باره‌گای خودا، ئێستا ئه‌و پێنووسه‌ی حوكمی له‌سێداره‌دانی سه‌دامی پێدرا، په‌ته‌كه‌ی ملی عه‌لی كیمیاوی، تاكه نه‌عله‌كه‌ی ئه‌بو ته‌حسین كه وێنه‌ی سه‌دام و په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دامی ڕووخاوی ده‌كوتا، وه‌ك نیشانه‌یه‌كی عه‌داله‌تی ئیلاهی له مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌دان. ئیتر جارێكی تر ئاوی پاكى ئاوێسه‌ر ژه‌هراوی ناكرێته‌وه. جارێكی تر دانیشتوانى چلانه و مالێده‌ر له باخه‌كانیان جودا ناكرێنه‌وه.
كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه درێژكراوه‌ی مێژوویه‌كی درێژتری زوڵمكردن بوو له هه‌ڵه‌بجه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و ڕژێمه‌كانی عێراقه‌وه. هه‌ڵه‌بجه له ساڵی 1920دا له لایه‌ن به‌ریتانییه‌كانه‌وه بۆردومان كرا؛ به هۆی پشتگیریكردنی له شۆڕشی شێخ مه‌حموودی نه‌مر. له مانگی نیسانی 1974دا به هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندێكی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو به سه‌رۆكایه‌تيی بارزانيی نه‌مر، هه‌ڵه‌بجه له لایه‌ن ڕژێمی عێراقه‌وه بۆردومان كرا. هه‌روه‌ها كاتێك له مانگی ئایاری 1987دا وه‌ك پێشه‌نگی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری له‌گه‌ڵ ڕواندز و شه‌قلاوه، دژی سیاسه‌تی كاوڵكاريی ڕژێمی به‌عس ڕاپه‌ڕی، 50 كه‌س له هه‌ڵه‌بجه شه‌هید بوون و 100 كه‌سی دیكه‌شی بێسه‌روشوێن كران .
هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی له مێژوودا له ناوچه‌ی هه‌ورامان كراون، ئه‌و فیداكاری و تێكۆشانه‌ی له ناوچه‌ی هه‌ورامان كراوه، هیچ كات له مێژووی كورددا ون نابن. هه‌ورامان مه‌ڵبه‌ندێكی زانست و پاراستنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وايه‌تیی كورد بووه، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌میشه یه‌كێك بووه له ئامانجه‌كانی دوژمنانی كورد. لێره‌وه سڵاو بۆ هه‌موو ناوچه‌ی هه‌ورامان ده‌نێرین و پێیان ده‌ڵێین: ئێوه هه‌میشه له بیری ئێمه‌دان و هه‌میشه جێگه‌ی بایه‌خی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن، دڵنیاین جوانيی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، له دواڕۆژێكی نزیكدا هه‌ورامان ده‌كاته یه‌كێك له مه‌ڵبه‌نده گه‌شاوه‌كانی گه‌شتیاری له ناوچه‌كه‌دا.
به‌ڕێزان،
هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامن و به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ناساندنی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه به جینۆساید له هه‌موو جیهاندا، ئه‌وه‌ش به هاوكاری له‌گه‌ڵ دۆستانی بیانی و ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه كوردی و بیانییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردی له وڵاتانی جیهان. ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مانه‌كانی جیهان دان به كۆمه‌ڵكوژیه‌كانی كورددا بنێن وه‌ك جینۆساید، له‌و بواره‌شدا ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ی له كه‌نه‌دا، سوید، به‌ریتانیا و هۆڵه‌ندا كراون؛ له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و دادگاكانیان زۆر به ڕێزه‌وه ده‌نرخێنین .
ئێستاش هه‌وڵ ده‌ده‌ین ساڵ دوای ساڵ ڕه‌هه‌ندێكی جیهانی بده‌ین به یادكردنه‌وه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ك ته‌نیا خۆمان، به‌ڵكو جیهانیش ئه‌و ڕۆژانه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا یاد بكاته‌وه. هه‌وروه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه به زۆرترین خه‌ڵكی جیهان بناسێنین، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوومان به سه‌ربه‌ستی و ئارامی بژیت و جارێكى تر كۆمه‌ڵكوژی نه‌بینێته‌وه.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
ئه‌وه‌ی ئێمه ئێستا پێشكه‌شی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ده‌كه‌ین، به‌جێهێنانی ئه‌رك و بڕیارێكی خۆمانه به‌رامبه‌ر خوێنی شه‌هیدان و خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و خۆڕاگری ئه‌و ناوچه‌یه، بڕیارمان داوه له داهاتووشدا پڕۆژه‌ی زیاتر بۆ ئه‌م ناوچه‌يه به جێ بگه‌يه‌نين. هه‌روه‌ها ئێمه خه‌ڵكی قه‌زای شاره‌زوور (هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه) له بیر ناكه‌ین، ئه‌وانیش له پلانی گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌كاندان كه حكوومه‌ت دایناوه، دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك خۆڕاگری و پێداویستییه‌كانی ئه‌وان له بیر ناكه‌ین و له داهاتوودا به پڕۆژه‌ی گرنگ به‌سه‌ریان ده‌كه‌ینه‌وه.
ئیتر هه‌موو لایه‌كتان دوور بن له ناخۆشی و هه‌ر بژین بۆ كورد و بۆ كوردستان و به خێر بێن به‌سه‌ر چاو، زۆر سوپاس.
