سەبارەت بە ئاگركەوتنەوە لە بەشی ناوخۆی خوێندكاران خاوەنی بەشە ناوخۆی فیردەوس دەستگیركراوەو لیژنیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەئەدای فەرمانگەكان پێكهاتووە

سەبارەت بە ئاگركەوتنەوە لە بەشی ناوخۆی خوێندكاران خاوەنی بەشە ناوخۆی فیردەوس دەستگیركراوەو لیژنیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەئەدای فەرمانگەكان پێكهاتووە
پارێزگاری سلێمانی ئاشكرای دەكات كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دوو لیژنە بۆ لێكۆڵنەوە لە رووداوی ئاگركەوتنەوە لەبەشی ناوخۆی فیردەوس لە سلێمانی پێكهاتووە و یەكێك لە لیژنەكان بە ئامانجی لێكۆڵینەوەیە لە ئەدای فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و هاوكات خاوەنی بینای بەشە ناوخۆییەكەو ئیدارەی بیناكە لەلایەن دادوەرەو بەمەبەستی لێكۆڵینەوە دەسگیركراون.

ئەمرۆ 4ی شوبات لە بینای پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری پۆلیسی سلێمانی و بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی و سەرۆكی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی و بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی و بەڕیوەبەری كارەبای سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەرێوەچوو سەبارەت بە رووداوی ئاگركەوتنەوە لە بینای بەشی ناخۆی فیردەوس لە گەرەكی سەرچناری سلێمانی كە تایبەت بوو بە خوێندكارانی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی و لەرووداوەكەدا 3كەس گیانیان لە دەست داو نزیكەی 40 خوێندكاریش بریندابوون.

پارێزگار دڵگرانی بەرووداوەكە دەربڕی و سەرەخۆشی لە كەس و كاری قوربانییەكان كرد و وتی: ئەنجومەنی وەزیران بریاریداوە لەسەر ئەو رووداوە دوو لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت بۆ زانینی هۆكاری رووداوەكەو لێكۆڵینەوە لە ئەدای فەرمانگە حكومییەكان لایەنی كەمتەرخەم.

پارێزگار وتیشی بەفەرمانی دادوەر بەمەبەستی لێكۆڵینەوە هەریەك لە خاوەنی بینای بەشە ناوخۆییەكەو بەرێوەبەری ئیدارەی بیناكە دەستگیركراون.


هاوكات پارێزگار لە وەڵامی رۆژنامەنووسندا رایگەیاند قەرەبووی كەس و كاری قوربانییەكان دەكەینەوە و دوای تەواو بوونی كاری لیژنەكانی لێكۆڵنەوە ئەنجامەكان دەخەینەروو و لایەنی كەمتەرخەم رووبەرووی دادگا دەكەینەوە.

پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بەمەرجەكانی خۆپارێزی لە بیناكەدا رایگەیاند مەرجەكان لە بیناكەدا هەبوون بەڵام چاوەڕین لیژنەكان دەریبخەن ئاخۆ ئەو مەرجەكان لەكاردا بوون یاخود نا، هەروەك ستایشی تیمەكانی فریاكەوتنی كرد كە بەوپەڕی لەخۆبردوویەوە كاریانكردووە بۆ رزگاركردنی خوێندكاران و وتی\" كاتژمێر 2ی شەو ئاگاداركرام لە رووداوەكە كاتێك چوومە ئەوێ‌ تیمەكانی فریاكەوتن بەوپەڕی لەخۆبردووی و دڵسۆزانە كاریان دەكرد بۆ رزگاركردنی خوێندكارەكان و خۆشبەختانە ژمارەیەكی زۆریان لە خوێندكاران رزگار كرد كە ئەگەر هیمەتی ئەوان نەبوایە ژمارەی قوربانییەكان گەلێك زۆرتر دەبوو\""


بەرێوبەری پۆلیسی بەرگری شارستانی سلێمانیش سەبارەت بە هۆی رووداوەكە رایگەیاند تیمەكان لە ئێستادا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لەهۆی رووداوەو ئاگرەكە زۆر كوتوپڕو گەورە بووەو لە ئێستادا بەتەواوی نازانین هۆی سەرەكی رووداوەكە چی بووە.

بەرێوبەری بەگری شارستانی سلێمانی لەبەشێكی تری قسەكانیدا رایگەیاند تیمەكانیان بەزووترین كات گەشتوونەتە شوێنی رووداوەكەو هەموو پێویستیەكی فریاگواریان پێ بووە و توانیوویانە لەماوەیەكی كەمدا زۆربەی خوێندكاران رزگار بكەن ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن ئەو سێ‌ كەسەشی بەهۆی رووداوەكەوە گیانیان لە دەست داوە دووانیان بەهۆی نزیكی بووە لە ئاگرەكەو كەسێكی تریشیان بەهۆی بێهۆش بوون لەئاودا خنكاوە.

لەبەشێكی تری كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی دكتۆر میران محەمەد سەبارەت بەژمارەی قوربانییەكان رایگەیاند 46 كەس رەوانەی نەخۆشخانەكرابوون و لەژمارەیەش 40 كەسیان رەوانەی ماڵەوە كراون، 11 حاڵەتی سوتان بە ئاگر هەبووە كە دوانیان گیانی لە دەستداوەو 7كەسیان لە نەخۆشخانە ماون لەو ژمارەیەش یەك حاڵەتیان باری تەندروستی ناجێگرە.

سەرۆكی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانیش سەبارەت بە شیاوی ئەو بینایە بۆ بەشە ناوخۆی رایگەیاند: بەهۆی ژمارەی زۆری خوێندكار ناچارین ساڵانە بینا بۆ بەشی ناوخۆی بەكرێ‌ بگرین و مەرجەكانی شیاویش بۆ بەشی ناوخۆی لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆرەوە پەسەند دەكرێت كە لە9 كەس پێك دێن و ماوەی شەش ساڵە ئەو بینایە بەشی ناوخۆیە ، وتیشی: نزیكەی 144 خوێندكار لە بیناكەدا نیشتەجێ‌ بوون كە ژووری نزیكەی 5 خوێندكاری لەخۆ گرتووە و هەموو خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابینكراوە."
Top