وه‌زیری دادی هۆڵه‌ندا: له‌گه‌ڵ دروستكردنی مۆنۆمینتی هه‌ڵه‌بجه‌ین له لاهای
له دیدارێكدا كه گوهدار مه‌عسوم ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی باكووری هۆڵه‌نداو هه‌ژار هاشم به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی وه‌زیر ئاماده‌یبوون، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان باسی له هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌ت كرد بۆ به‌نێونه‌ته‌وه‌یی ناساندنی جینۆسایدی كورد‌و دروستكردنی ده‌سته‌ی تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، داواشیكرد وه‌زیری دادی هۆڵه‌ندا هاوكار بێت بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی ئه‌و ده‌سته‌یه، هه‌روه‌ها داوای روونكردنهوهشی له وه‌زیری دادی هۆڵه‌ندی كرد له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه باس له‌وه ده‌كه‌ن دادگای هۆڵه‌ندی تاوانبار فان ئه‌ن رات كه به تۆمه‌تی هاوكاریكردنی رژێمی له‌ناوچوو حوكمدراوه ئازاد كردبێت.
وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له باره‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كه وه‌زیری دادی هۆڵه‌ندی بۆ كوردستان ئه‌نجامیداوه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه وه‌زیری دادی هۆڵه‌ندی هاوسۆزی بۆ كورد‌و كێشه‌كه‌ی نیشانداوه‌و رایگه‌یاندووه كه ئه‌وان سه‌دا سه‌د له‌گه‌ڵ دروستكردنی مۆنۆمینتی هه‌ڵه‌بجه‌ن له لاهای و پشتیوانی ئه‌و داوایه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك پشتیوانی خۆی دووپاتكردووه‌ته‌وه بۆ به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بۆ به‌نێونه‌ته‌وه‌یی ناساندنی جینۆسادی گه‌لی كوردستان و دروستكردنی ده‌سته‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌م پرسه كه له ئێستادا وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كاری بۆ ده‌كات، هه‌روه‌ها داواشی له وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كردووه كه به نووسراوێكی ره‌سمی داوا له وه‌زاره‌تی دادی هۆڵه‌ندی بكات و داواكاری جینۆسایدكردنی كورد بخاته‌ڕوو تا به ره‌سمی ئه‌وانیش ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌یانی بكه‌ن و له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به ره‌سمی بیخه‌نه‌ڕوو.
سه‌باره‌ت به ئازادكردنی فان ئه‌ن رات-یش وه‌زیری دادی هۆڵه‌ندی دوای ئه‌وه‌ی كورته‌یه‌كی له باره‌ی ئه‌و چه‌ندجاره‌ی كه ناوبراو بۆ چاره‌سه‌ركردن له زینداندا هێندراوه‌ته ده‌ره‌وه، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی دڵنیا كرده‌وه كه ناوبراو له زیندانه‌كانی هۆڵه‌ندا حوكمه‌كه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت.
له كۆتایی دیداره‌كه‌شدا وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به ره‌سمی بانگهێشتی وه‌زاره‌تی دادی هۆڵه‌ندی كرد تا بۆ یادی 25 ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه به‌شداربێت و ئه‌ویش بانگهێشته‌كه‌ی قبوڵكرد.
