گلەیی لە دوژمن گەمژەییە
March 24, 2018
وتار و بیروڕا
بۆ گلەیی لە دوژمن بکەین؟! لەبەر ئەوەی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستانی بڕی، ئەی عادل مراد تەکلیفی لە نوری مالکی نەکرد مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان ببڕێ! ئێ ئاخر ئەگەر نوری مالیکی ئەو تەکلیفەی عادل مرادی نەگرتبایەوە گلەیی لێ دەکرد و دەیگوت: لە ژیانمدا ئەو ئیشەم بە نوری مالیکی بوو،بەڵام نەیکرد.
من ناڵێم عادل مراد وایکردووە، ئەوە کاک شێخ جەعفەری ئەندامی مەکتەی سیاسی حزبەکەی خۆیەتی وادەڵێ.
بۆ گلەیی لە دوژمن بکەین؟! لەبەر ئەوەی نوری مالکی لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ داگیر کردنەوەی کەرکوک هێزی دەجووڵاند و دەیگوت: ئەگەر پێویست بکات دێمەوە هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش.
حاشا من قسەی وا ناکەم، ئەوە نوری مالیکی بوو گوتی: لەسەر داوای دکتۆر بەرهەم هێزم جووڵاندووە، دکتۆر بەرهەمیش نقەی لێوە نەهات.
دەڵێن: باڵێکی ناو یەکێتی چاوساغی بۆ حەشدی شەعبی کردووە و هێناویەتە کەرکوک، هەر چەندە ئەو باڵە خۆیان دەیانگوت: لەگەڵ حەشدی شەعبی رێککەوتووین و کەرکوک ئارامە و داوایان دەکرد ئاوارەکان بگەڕێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەقە پیاو گومان بکا و بپرسێ: چۆن دەکرێ باڵێکی ناو لایەنێکی سیاسی کوردی بێ پرس و راوێژ لەگەڵ حزبەکەی خۆی رێککەوتنێکی ژێر بە ژێر لەگەڵ دوژمنەکانی بکات و چاوساغیان بۆ بکات.
بەڵام کاک کۆسرەت و کاک مەلا بەختیار و دکتۆر نەجمەدین و کاک شێخ جەعفەر، کە یەکیان جگری یەکەمی سکرتێری گشتی و سێیەکەی تریش ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتین، ئەو گومانەیان رەواندەوە و گوتیان: زۆر راستە و چاوساغیان بۆ حەشدی شەعبی کردووە و هێناویانەتە کەرکوک، ئێ کەوایە گەمژەیی نییە گلەیی لە دوژمنان بکەین؟!

سووره مهرگهیی