دەوڵەتی یاسا بە هاوکاریی 2 پەرلەمانتاری یەکێتی لێپرسینەوە لەگەڵ 15 پەرلەمانتاری کورد دەکات
نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، پەرلەمانتارانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، هەوڵی زیاتر ئاڵۆزکردنی پەیوەندیی هەولێر و بەغدا دەدەن.
نەدا مێرگەسۆری هەروەها رایگەیاند، هەفتەی رابردوو ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا هەوڵی دا پرۆژەی لێپرسینەوە لەپەرلەمانتارە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق بخوێندرێتەوە، بەڵام هەوڵەکەیان سەری نەگرت و ”، رەنگە سبەی (یەکشەممە 19/11/2017) هەمان هەوڵ بدەنەوە“.
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، کە بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە هۆڵی پەرلەمان هاتنە دەرەوە، بەڵام شوان دادودی و ئاڵا تاڵەبانی لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەهاتنە دەرەوە و پشتگیریی لێپرسینەوەیان کرد لە پەرلەمانتارانی کورد.
بەهۆی بەشداریکردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، فراکسیۆنە عێراقییەکان هەوڵ دەدەن لـێپرسینەوە لەگەڵ 15 پەرلەمانتاری کورد بکەن و لە پەرلەمان دووریان بخەنەوە.
باسنیوز
