ئۆسامە نوجێفی: هەندێک لایەن لە بەغداوە کاریان بۆ دابڕینی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دەکرد

 ئۆسامە نوجێفی: هەندێک لایەن لە بەغداوە کاریان بۆ دابڕینی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دەکرد
جێگری سەركۆماری عێراق ڕای دەگەیەنێت، تاكە ڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق دانیشتن و دانوستانە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا.



ئوسامە نوجێفی، جێگری سەركۆماری عێراق، لە سیمینارێكدا كە شەوی سێشەممەی ڕابردوو، لە واشنتۆن لە پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریكی بۆی ڕێك خرابوو، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دادگای دەستووری لە عێراق لەژێر كاریگەری لایەنە سیاسییەكان دایە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنیی كردووەتە سەر فەرمانڕەوایی لە عێراقدا.



نوجێفی، هاوکات ئەوەشی خستە ڕوو: "هەندێك لایەن لە بەغدا كاریان لەسەر ئەوە دەكرد كە بە هێز بچنە ناو هەولێرەوە و لەلایەكی دیكەشەوە كاریان بۆ جیابوونەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان دەكرد، ئەم كردەوانەش نایاسایین".



نوجێفی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تاكە ڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق دانیشتن و دانوستاندنە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا ئەم هەنگاوەش كێشەكانمان بەرە و چارەسەركردن دەبات".



جێگری سەرکۆماری عێراق لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕاشی گەیاندووە: "بەهۆی ئەو كەسانەی كە بوونەتە هۆكاری خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لە عێراق، ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان سەریان هەڵدا".



لە کۆتاییدا ئاشكراشی كرد: "لەلایەن بەرپرسانەوە بە هەڵە وڵات بەڕێوە براوە و لەبارەی بەشداریی تەواوی پێكهاتەكانی عێراق لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات، نوجێفی، كە پێشووتر سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، گوتیشی: "پێویستە هەموان بەشداری لەو دەسەڵاتەدا بكەین".



باسنيوز
Top