پەرلەمانتارێک: عێراق تاکلایەنانە لە ڕێککەوتنە سیاسییەکەی ساڵی 2005 پاشگەز بووەتەوە

 پەرلەمانتارێک: عێراق تاکلایەنانە لە ڕێککەوتنە سیاسییەکەی ساڵی 2005 پاشگەز بووەتەوە
یاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، بە ھەموو شێوەیەک ڕێگری لە پلانی کەمکردنەوەی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق دەکەن.



ئەحمەد حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: تا ئێستا پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018 بە فەرمی نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و چاوەڕوان دەکرێت بۆ سێشەممەی داھاتوو ڕەوانە بکرێ، دوای بە دواداچوونمان بۆ ئەو ڕەشنووسە کە باس لە کەمکردنەوەی بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ 12% دەکات، ھەندێک لە وەزیرە عێراقییەکان دڵنیایان کردینەوە کە ئەو بابەتانەی لەناو ڕەشنووسەکەدا ھاتووە ھەمووی ڕاستن، بەڵام ئەوە ڕەشنووسە فەرمییەکە نییە".



بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو ڕەشنووسەی باس دەکرێ کۆمەڵێک کەموکوڕیی تێدایە، لەوانە گۆڕینی ناوەکان کە لە دەستووری عێراقدا ئاماژەیان پێکراوە، چونکە لە دەستووردا ھەرێمی کوردستان وەک کیانێک باس دەکرێ، بەڵام لەم ڕەشنووسەدا باس لە حکوومەتی پارێزگاکان دەکرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت عێراق بەنیازە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات، نەک ئەو حکوومەتەی کە پێشتر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرد".



ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە: "لە ساڵی 2005 لە نێوان ھەرێمی کورستان و عێراقدا ڕێککەوتنێک کرا، بە پێی ئەو ڕێککەوتنە تا سەرژمێریی تەواو بۆ کوردەکان نەکرێت، دەبێ لە بوودجەی گشتیی عێراق ڕێژەی 17% بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥، ٢٠١٦ و ٢٠١٧ەوە ھەوڵ دەدرێت و واژۆ کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێژەی بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ 12% کەم بکەنەوە، بەڵام نوێنەرانی کورد لە بەغدا ڕێگرییان لەو ھەوڵە کرد، دەشڵێت: "عێراق تاکلایەنانە لە ڕێککەوتنە سیاسییەکەی ساڵی 2005 پاشگەز بووەتەوە".



ئەحمەدی حاجی ڕەشید، جەختی کردەوە: "ئەوان وەک نوێنەرانی کورد بە ھەموو توانایانەوە ڕێگری لەو ھەوڵ و پلانەی حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بوودجەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەش کارێکی سەخت دەبێت ئەگەر سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەست نەکەن بە دانوستانی بەپەلە و خێرا لەگەڵ بەغدا."



باسنیوز
Top