سەرکردەیەکی باڵای عێراق نهێنییەکی مەترسیدار لەبارەی داعش ئاشکرا دەکات

 سەرکردەیەکی باڵای عێراق نهێنییەکی مەترسیدار لەبارەی داعش ئاشکرا دەکات
سەرکردەیەکی باڵای عەرەبی عێراقی نهێنییەکی مەترسیدار لەبارەی چۆنێتیی داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ئاشکرا دەکات.

ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی موتەحیدون و یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی عەرەبی سوننە لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵێکدا رایگەیاندووە، لەکاتی داگیرکاریی داعشدا،”هێزە عێراقییە گەندەڵەکان“ هیچ بەرگرییەکیان لە مووسڵ نەکرد و کشانەوە.

ئوسامە نوجەیفی هەروەها رایگەیاندووە، کە لە مانگی 2ـی 2014 بە سەردانێکی فەرمی وەک سەرۆکی پەرلەمان، چووەتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسێکی ئەو وڵاتە لە هوتێل سەردانی کردووە و پێی گوتووە، دەبێ لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق رێ بکەوێ.

ئەو سەرکردەیە ئاماژە بەوەش دەکات، کە سەرکردە ئێرانییەکە هەڕەشەی ئەوەی لێ کردووە، کە ئەگەر لەگەڵ نوری مالیکی رێک نەکەوێ و پشتگیریی هەوڵەکانی نەکا، ئەوا ”شاری مووسڵ داگیر دەکرێ“.

نوجەیفی باسی ئەوەشی کردووە، کە چوار مانگ دوای ئەو هەڕەشەیە، چەکدارانی داعش شاری مووسڵ و نزیکەی نیوەی خاکی عێراقیان داگیر کرد و ناراستەوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران و نوری مالیکی لە پشت دروستبوونی داعشەوەن.

دوای هەرەسپێهێنانی سوپای عێراق، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش لە مانگی 6ـی 2014 شاری مووسڵ، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.











باسنيوز
Top