عەرەبە سوننەکان بۆ بەهەرێمکردنی ناوچەکانیان بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەنەوە

 عەرەبە سوننەکان بۆ بەهەرێمکردنی ناوچەکانیان بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەنەوە
دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە زیاتر لە 92ی خەڵکی کوردستان پشتیوانیی سەربەخۆییان کرد، عەرەبە سوننەکانی عێراق دووبارە پرسی بەهەرێمکردنی ناوچەکانیان دەخەنەوە بەرباس و بۆ ئەمەش بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەنەوە.



لەمبارەیەوە شێخ موزاحم حەوێت، کەسایەتیی عەرەبی سوننە و گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەوا، ڕاگەیاند، هەرێمی عەرەبە سوننەکان کە دەخوازین دروستی بکەین، لە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی (کەمەری بەغدا، نەینەوا، ئەنبار، دیالە و سەڵاحەدین) دەبێت. ڕوونیشی کردەوە: “سەرۆک و کەسایەتییە دیارەکانی عەرەبی سوننە بۆ ئەم مەبەستە قۆناغی باشیان بڕیوە و ئامادەکاریی تەواو بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمێک بۆ عەرەبە سوننەکان کراوە:



باسیشی لەوە کرد کە پێکهێنانی هەرێمێک بۆ عەرەبە سوننەکان بە مافی خۆیان دەزانن، تاوەکوو جارێکی دیکە ناوچەکانیان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و کەوتنە ژێر دەسەڵاتی گرووپی تیرۆریستی و شەڕی تائیفی لەلایەن پێکهاتەی عەرەبی شیعەی باڵادەستی عێراق نەبێتەوە.



هەر لەمبارەیەوە غەزوان داودی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەوڵێکی زۆر هەیە لەلایەن سوننەکانەوە بۆ ئەوەی ئەم پرسە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە هاوبەشی باس بکرێت”.



گوتیشی: “ئەگەر هەیە ئەم پرسە لە ڕیفراندۆمێکدا بخرێتە دەنگدانەوە و لە پەرلەمانی عێراقیش جووڵەیەک لەمبارەیەوە هەیە، چونکە شەقامی سوننە لەگەڵ دروستکردنی هەرێمێکی تایبەتی عەرەبە سوننەکانە و فشاریان بۆ سەرۆک عەشیرەت و پەرلەمانتار و وەزیرەکانیان درووست کردووە".



لەلایەن خۆیەوە سالم شەبەک، ئەندامی کوردی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد: “جووڵانەوەیەک لەبارەی بە هەرێمکردنی ناوچەکانی عەرەبە سوننەکان هەیە و لە پەرلەمانی عێراقیش باس کراوە، بەڵام جارێ دیار نییە ئالیەتی سوننەکان بۆ بەهەرێمکردنی ناوچەکانیان چۆنە، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیک ئەوە یەکلا دەبێتەوە".



باسنیوز
Top