عەبادی لە پاریس لەگەڵ تۆتاڵی فەرەنسی و کۆمپانیایەکی سەربازی کۆبووەوە

 عەبادی لە پاریس لەگەڵ تۆتاڵی فەرەنسی و کۆمپانیایەکی سەربازی کۆبووەوە
عەبادی لە پاریس لەگەڵ کۆمپانیاکانی تۆتاڵی نەوتی فەرەنسی و کۆمپانیای تالاس کۆبووەوە. تۆتاڵ خواستی فراوانکردنی کارەکانی لە عێراق دەربڕیوە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شوێنی مانەوەی خۆی لە پاریس لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ هەریەک لە پاتریک کاین، سەرۆکی کۆمپانیای تالاس بۆ کەلوپەلە سەربازییەکان، هەروەها پاتریک بیونیە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تۆتاڵی نەوتی فەرەنسی کۆبووەوە.

بەپێێ راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیداری یەکەمدا پرسی پێداویستییە سەربازییەکان و بەهێزکردنی تاواناکانی پڕچەککردن و ئامێر و کەلوپەلە سەربازییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، بەمەبەستی درێژەدان بەشەڕی داعش و پاککردنەوە ناوچەکان لە بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ.

لە دیدارێکی دیکە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تۆتاڵی نەوتی، خواستی کۆمپانیاکەی لە فراوانکردنی وەبەرهێنانی نەوتی و گازی لە عێراق دەربڕیوە.

بەپێی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی عەبادی، کۆمپانیاکە دووپاتیکردووتەوە، دەخوازێت مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بکات و پرۆەژەکانی بۆ پشتوانییکردن لە ئابووری عێراق پەرەپێبدات.


ئێوارەی رۆژی چوارشەممە حەیدەر عەبادی بە یاوەری شاندێکی باڵا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا و سەردانەکەش یەک رۆژ دەخایەنێت. سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئەمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسایە.

دوای ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری کوردستان، ئەوە یەکەمین سەردانی حەیدەر عەبادییە بۆ دەرەوە وڵات.

چەند رۆژێک پێش گشترسییەکە، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دوای گشتپرسیش پەیوەندی بە عەبادی کردبوو. هەرچەندە عەبادی پێشتر راگەیاندووە سەردانەکەی بۆ فەرەنسا پەیوەندی بە گشتپرسییەوە نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت، گشتپرسی مژارێکی سەرەکی نێوان عەبادی و ماکرۆن بێت و رەنگە لەوبارەوە ماکرۆن دەستپێشخەری هەبێت.

وەزیرانی کۆچ و کۆچبەران، بەرگری، نەوت، کشتوکاڵ، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پیشەسازی و کانزاکان و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان یاوەری شاندەکەی عەبادی دەکەن.

رووداو
Top