مالیکی، عەبادی بۆ دژایەتیی کوردستان بەکار دەھێنێ

 مالیکی، عەبادی بۆ دژایەتیی کوردستان بەکار دەھێنێ
نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی، سەرۆکایەتیی ئەو جموجۆڵانە دەکات کە لە پەرلەمانی عێراق لە دژی کوردستان ھەیە و ھۆشداریی توندیشی داوەتە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەگەر ئەجێنداکانی جێبەجێ نەکات، لە ڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانەوە لە پۆستەکەی دووری دەخاتەوە. چاودێرێکی سیاسییش پێی وایە مالیکی لەپەنای ڕیفراندۆمی کوردستانەوە دەیەوێ چاڵ بۆ عەبادی ھەڵکەنێت و شوێنەکەی بگرێتەوە.



بەپێی زانیارییەکان و لێکدانەوەی چاودێرانی سیاسییش، مالیکی لەپشت بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراقە لە دژی کوردستان و دەشیەوێ لەپەنای ڕیفراندۆمی کوردستانەوە عەبادی بە زۆرینەی پەرلەمان لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە.



سەرچاوەیەکی ئاگەدار ئاشکرای کرد، مالیکی چەندین سیناریۆی بۆ دوورخستنەوەی عەبادی و شوێنگرتنەوەی لە پۆستەکەی داناوە و ھەڕەشەی توندیشی لێ کردووە ئەگەر بە قسەی نەکات، ئەوا زۆرینەی پەرلەمانتارانی لە دژ ھان دەدات و بە دەنگی پەرلەمانتاران لە پۆستەکەی دووری دەخاتەوە، عەبادییش بەھۆی پۆستەکەی و تێڕوانینی شۆڤێنیانە بەرامبەر بە کوردستان، بەتەواوی گوێڕایەڵی مالیکی بووە.



سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، مالیکی یارییەکی زیرەکانە بە عەبادی دەکات و لەپەنای دژایەتیی ڕیفراندۆمی کوردستانەوە، ھەوڵ دەدات فۆکسی شەقامی عێراقی لە کەوتنی مووسڵ و گەندەڵییەکانی و شکستی حوکمڕانیی خۆی، لەبیر خەڵکی بباتەوە و لەپەنای ئەوەشەوە سەرکەوتنی عەبادی لە شەڕی داعش بشارێتەوە، بۆ ئەوەش پەرلەمانتارانی حزبەکەی ھان داوە، ھەرچی بڕیاری توندە لە دژی ڕیفراندۆمی کوردستان بیدەن، سیناریۆی ئەوەشی بۆ عەبادی داناوە ئەگەر بە قسەی نەکان ئەوە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بۆ دوورخستنەوەی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر جێبەجێ بکات.



بەکر حەمەسدیق، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی رای گەیاند، گومان لەوەدا نییە کە مالیکی لەپشت ھەموو ئەو بڕیارانەیە کە پەرلەمانی عێراق لە دژی کوردستان داویەتی، گوتیشی: “حەیدەر عەبادی بە تەواوی کەوتووەتە ژێر ھەژموونی مالیکی و لە ترسی شەقامی عێراقی و پۆستەکەی بەتەواوی پابەندی ئەجێنداکانی مالیکی بووە”.



ئاماژەی بەوەش دا، مالیکی ناتوانێ شوێنی فواد مەعسوم، سەرکۆمار بگرێتەوە، چونکە ئەو پۆستە بە ڕێککەوتن دراوە بە کورد، گوتی: “یارییەکە روونە کە مالیکی دەیەوێ بە سیناریۆی خۆی لە چەند لایەکەوە ڕەوشەکە لە حەیدەر عەبادی تێک بدات و لەپەنای تۆمەتبارکردنی بە رێگەخۆشکردن بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، سیناریۆکانی بەسەردا جێبەجی بکات”.



ھاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی لادانی سەرۆک کۆمارەوە، کە لە پشکی یەکێتییە، بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە، د. فوئاد مەعسوم، سەرکۆماری عێراق بە ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان کورد و عەرەب بووە، دەبێت لە کاتی لادانی ئەو ڕێککەوتنەش ھەڵبوەشێتەوە.



لای خۆشیانەوە د.عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ (باس) رای گەیاند، عەبادی دوای سەرکەوتنەکانی لە شەڕی داعش، مالیکی خستە دۆخێکەوە کە گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات ئەستەم کرد، بەڵام ئێستا مالیکی لەپەنای دژایەتیی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، بە دەرفەتێکی باشی دەزانێ کە پرسی شەڕی داعش لە کەوتنی پارێزگا سوننەنشینەکان و سەرکەوتنی عەبادی بشارێتەوە، لەپەنای ئەوەشەوە ئەجێنداکانی و ئەو رق و کینەی لەدڵیدایە بەرامبەر بە کوردستان جێبەجێ بکات. گوتی: “ئەو گرژییەی کە لەنێوان کوردستان و عێراقدا ھەیە، دواتر بە زیانی رەوتی عەبادی دەبێت لەناو حزبی دەعوە، بەڵام مالیکی ھۆشداریی داوەتێ، ئەگەر پابەند نەبێت بەو ئەجێندایانە ئەوە لە رێگەی زۆرینەی پەرلەمانەوە لە پۆستەکەی دووری دەخاتەوە”.



روونیشی کردەوە، لە دۆخی ئێستا کە کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی سەرکەوتووانە ئەنجام داوە و بەم ھەنگاوە شۆڤینییەکانی تووڕە کردووە، بۆ مالیکی زۆر ئاسانە زۆرینە لە دژی عەبادی کۆ بکاتەوە و لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە، لە دۆخێکدا ئەگەر عەبادی گوێڕایەڵ نەبوو، گوتی: “بەئاشکرا مالیکی بە عەبادیی گوتووە یان دەبێت ئەو بڕیارانە بدەی، یان دەبێت واز لە کورسییەکەت بھێنی، عەبادییش مانەوەی قبووڵ کردووە و ئێستا گوێڕایەڵی مالیکییە کە پێشتر لە بەرامبەری وەستابوو”.



ئاماژەی بەوەش دا، بەھۆی نزیکیی ھەڵبژاردنی پەرلەمانییشەوە لە مانگی (٥) ساڵی داھاتوو، پەرلەمانتارانی عێراق بە سوننە و شیعەوە موزایەدەی سیاسی دەکەن، گوتی: “پەرلەمانتاران بۆ دەستکەوتی حزبی بە تەواوی بۆ دژایەتیی کوردستان یەکیان گرتووە، ئەوە سەرەڕای عەقڵە توندڕەوی و شۆڤێنییەکانیان لەبەرامبەر مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان”.



جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق ناگەن بە کوردستان، چونکە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشدارییان لە دانیشتنەکاندا نەکردووە، گوتی: “ئەوەی سەبارەت بە دوورخستنەوەی سەرکۆماری عێراق دەگوترێ، ئەگەر جێبەجێی بکەن لە قازانجی کوردستانە، چونکە خۆی بە مانای سەربەخۆیی کوردستان دێت، چونکە ئەو پۆستە بە رێککەوتن دراوە بە کورد و دوورخستنەوەی ئەوان بە واتای دەستبەرداربوون لە کوردستان، کە فواد مەعسوم، بە پارێزەری دەستووری عێراق دادەنرێت، کە تاکە بەڵگەی گەڕانەوەی کوردستانە بۆ عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕوخانی رژێمی پێشوو”.


ھاوکات، ماجد غەڕاوی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی ئەحرار لە لێدوانێکیدا بۆ (وەتەن نیوز) رای گەیاندووە، بەھۆی خراپ بەکارھێنانی دۆسیەی ئەمنییەوە لەلایەن نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، داعش توانیی دەست بگرێت بەسەر چوار پارێزگای عێراقدا، ئەوەش وای کرد کوردەکان بیر لەوە بکەنەوە دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن.







باسنيوز
Top