شەڕی حەویجە دەست پێدەكات

شەڕی حەویجە دەست پێدەكات
گوتەبێژی حەشدی شەعبی ئاشكرای دەكات، دوای جەژن بەرەكانی شەڕ بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە دیار دەكرێ، بەگوێرەی زانیارییەكانیش دوو یەكەی تۆپخانەی ئەمریكا و فرەنسا بەشداری لە شەڕەكەدا دەكەن.

ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، پلانی هێرشکردنە سەر شارۆچکەی حەویجە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دادەڕێژێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرەکانی شەڕ بەسەر هێزەکان دابەشنەکراون.

گوتیشی، دابەشکردنی بەرەکان ماوەیەکی زۆری پێناچێت و لە دوای جەژن راستەوخۆ شوێنی هێزەکان دیاریدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانیان لە پاککردنەوەی مین و بۆمبەچێندراەکانی داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر بەردەوامن.

بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەكانی عێراق، لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجەی باشووری كەركووك، 48 ھەزار سەرباز لە ھێزە جیاجیاكانی عێراق بەشداری ئۆپراسیۆنەكە دەكەن و زۆرینەشییان لە پۆلیسی فیدڕاڵی دەبن، 8 ھەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی و 200 تانكی لە جۆری ئەبرامز و تی 72 و تی 55 لە شەڕەكاندا بەكاردەھێنرێن.

جیا لە فڕۆكەكانی عێراق و ھاوپەیمانان، دوو یەكەی تۆپخانەی سوپای ئەمریكا و فرەنساش بەشداری شەرەكە دەكەن.





k24
Top