سوپای عێراق رێگای دەرچوون بۆ خەڵکی حەویجە دیاری دەکات

 سوپای عێراق رێگای دەرچوون بۆ خەڵکی حەویجە دیاری دەکات
سوپای عێراق رێگای دەرچوون لە شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک بۆ هاووڵاتییان دیاری دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە هەزاران نووسراوی بەسەر شارۆچکەی حەویجەدا باراندووە و تێیدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان لە بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە دوور بگرن.

لە نووسراوەکاندا، سوپای عێراق داواش لە چەکدارانی داعش دەکات چەکەکانیان دابنێن و خۆیان رادەستی هێزە عێراقییەکان بکەن.

سوپای عێراق ئامۆژگاریی خەڵکی حەویجە دەکات، کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شارۆچکەکە، رێگاکانی دەرچوونیان پێ دەڵێن، کە بڕیاری لەسەر دراوە و تەنیا بەهۆی پلانی ئۆپەراسیۆنەکە، جارێ ئاشکرا ناکرێن.

رۆژی پێنجشەممە 31/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە پارێزگای نەینەوا بە تەواویی رزگار کرایەوە و بە چەکدارانی داعشیشی گوت، ”دوو رێگای دەرچوونتان لەبەردەمە، یان کوژران یازن خۆڕادەستکردن“.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.











باسنيوز
Top