عەبادی سەرکەوتنی یەکجارەکی لە نەینەوا رادەگەیەنێت
رۆژی پێنجشەممە 31/8/2017، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بە رزگارکردنەوەی شارۆچکە تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پارێزگاکە بە تەواوی رزگار کرایەوە.
حەیدەر عەبادی پەیامێکیشی بۆ چەکدارانی داعش ناردووە و رایگەیاندووە، ”لە هەر شوێنێک بن، ئێمە بۆتان دێین، هیچ رێگەیەکتان جگە لە کوژران و خۆڕادەستکردن لەبەردەمدا نییە“.
دوای هەشت رۆژ لە ئۆپەراسیۆنەکان، رۆژی یەکشەممە 27/8/2017، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر لە بەیاننامەیەکدا رزگارکردنەوەی تەواوەتیی تەلەعفەری رایگەیاند.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
