هێزە عێراقییەکان لە سەنتەری عەیازییە نزیک دەبنەوە

 هێزە عێراقییەکان لە سەنتەری عەیازییە نزیک دەبنەوە
هێزە عێراقییەکان لە سەنتەری شارەدێی عەیازییە (ئاڤگەنی) لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا نزیک بوونەتەوە و حەشدی شەعبیش ژمارەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو شارەدێیە ئاشکرا دەکات.



بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، میلیشیای حەشدی شەعبی راگەیاندووە، 500 چەکداری داعش لەناو عەیازییە ماونەتەوە.



سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 30/8/2017، هێزە عێراقییەکان مزگەوتی شوهەدایان لە باکووری شارەدێکە رزگار کردووەتەوە و بەپێی زانیارییەکان، بەرەو سەنتەری عەیازییە پێشڕەوی دەکەن.



رۆژی دووشەممە 28/8/2017، عەمید یەحیا زوبەیدی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، هێزەکانیان گەمارۆی شارەدێی عەیازییەیان داوە و چاوەڕێی فەرمانی هێرشکردن دەکەن.



دوای هەشت رۆژ لە ئۆپەراسیۆنەکان، رۆژی یەکشەممە 27/8/2017، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر لە بەیاننامەیەکدا رزگارکردنەوەی تەواوەتیی تەلەعفەری رایگەیاند.



سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.



ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.

باسنیوز
Top