مووشەکە بالیستییەکەی کۆریای باکوور بەسەر ژاپۆندا تێپەڕی
ژاپۆن ئاشکرای کرد کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی نوێی مووشەکی بالیستیی ئەنجام داوە و مووشەکەکە بەسەر وڵاتەکەیاندا تێپەڕیوە.
لە راگەیەنراوێکی شینزۆ ئابێ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، لەم بارەیەوە، ئاماژە بەوە کراوە ئەو مووشەکە بالیستییەی لە کۆریای باکوورەوە هەڵدراوە، بە کایەی ئاسمانیی ژاپۆندا تێپەڕیوە و ئەوان چاودێریی جووڵەی مووشەکەکەیان کردووە، راشیگەیاندووە ''لە دوای هەڵدانییەوە، حکوومەتی ژاپۆن بە وردیی چاودێریی جووڵەی مووشەکەکەی کردووە و لە پێناو ئاسایشی گەلی وڵاتەکەیدا هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتە بەر. هەڵدانی ئەو مووشەکە، هەڕەشەیەکی ئێجگار گەورەیە لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە''.
شینزۆ ئابێ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لەوبارەیەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ٤٠ خولەکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا ئەنجام داوە و تاوتوێی بابەتەکەیان کردووە.
ئاماژە بەوەش دەکرێت مووشەکە نوێیەکەی کۆریای باکوور دوای ئەوەی بەسەر دوورگەی هۆکایدۆی ژاپۆندا تێپەڕیوە لە دووری هەزار کیلۆمەتر لە وشکانیی لە زەریای هێمندا بووە بە سێ بەشەوە و کەوتووەتە خوارەوە.
لای خۆیەوە یۆشیهیدە سوگا سکرتێری کابینەی حکوومەتی ژاپۆن، ئاماژەی بەوە کرد ئەو مووشەکەی کۆریای باکوور هەڵیداوە، هەڕەشەیەکی جدیە و لە کاتێکی گونجاودا وەڵامێکی توندی دەدرێتەوە.
هاوکات لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن کۆریای باشوورەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە، مووشەکەكە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەعات ٠٦:٠٦ هەڵدراوە و گەیشتووەتە بەرزایی ٥٥٠ کیلۆمەتر و دوو هەزار و ٧٠٠ کیلۆمەتری بڕیوە.
باسنيوز
