سوپای عێراق گەمارۆی شارەدێیەکی تەلەعفەر دەدات
رۆژی دووشەممە 28/8/2017، عەمید یەحیا زوبەیدی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و هێزی ئاسمانیی عێراق بارەگاکانی داعش لە شارەدێی عەیازییە بۆردومان دەکەن.
عەمید یەحیا زوبەیدی هەروەها رایگەیاندووە، هێزە عێراقییەکان گەمارۆی شارەدێی عەیازییەیان داوە و چاوەڕێی فەرمانی هێرشکردن دەکەن.
دوای هەشت رۆژ لە ئۆپەراسیۆنەکان، رۆژی یەکشەممە 27/8/2017، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر لە بەیاننامەیەکدا رزگارکردنەوەی تەواوەتیی تەلەعفەری رایگەیاند.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
