فه‌وجى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له به‌غدا له‌گه‌ڵ كه‌سوكارى كوژراوێكدا دانیشتنى ئاشته‌وایی ده‌كات
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دانیشتنى ئاشته‌وایی له‌نێوان پیاوانى عه‌شیره‌ته‌كانى ناوچه‌ى دۆره و فه‌رمانده‌كانى فه‌وجى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار كه سه‌ر به وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراقن، له باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كوشتنى به‌رپرسێكى ناوچه‌كه به هه‌ڵه، ئه‌نجام درا.
به‌پێی زانیارییه‌كانى میدیا عێراقییه‌كان، دانیشتنه‌كه به ئاماده‌بوونى فه‌رمانده‌كانى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى به‌غدا به‌ڕێوه چووه.
پێشتر ئه‌میندارێتى به‌غدا له 22ى ئابى 2017 ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، كه سائیر كازم، یاریده‌درى به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانى دۆره، له‌لایه‌ن بازگه‌یه‌كی فه‌وجى سه‌رۆكایه‌تى كۆماره‌وه له ناوچه‌ى جادرییه له به‌غدا، كوژرا.
دواتر وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق، له ڕاگه‌یاندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، كه تۆمه‌تباره‌كه ڕاده‌ستى دادگا كراوه و به پێی ماده‌ى 405 له یاسای سزادانى عێراقی، دۆسیه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه.
باسنيوز
