دادوەرێک بە تاوانی ”خیانەتی نیشتمانی“ سکاڵا لەسەر مالیکی تۆمار دەکات

 دادوەرێک بە تاوانی ”خیانەتی نیشتمانی“ سکاڵا لەسەر مالیکی تۆمار دەکات
دادوەرێکی عێراقی سکاڵای یاسایی لە دژی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق تۆمار دەکات و داوای سزادانی دەکات.



بەپێی زانیارییەکان، دادوەر رەحیم عەگێلی، سەرۆکی پێشووی دەتەی دەستپاکی (نەزاهە )ی عێراقی لە سکاڵانامەکەیدا رایگەیاندووە، نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2006-2014) ”چەندین تاوان“ی دژی گەلی عێراق ئەنجام داوە.



دادوەر رەحیم عەگێلی داوای کارکردن لەسەر هەموو ئەو سکاڵایانەش دەکات، کە لە دژی نوری مالیکی تۆمار کراوە، کە ئەم تاوانانەی ئەنجام داوە.



تاوانە سەربازییەکان، بەو پێیەی لەو ماوەیەدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوو:



- خیانەتی گەورە

مالیکی سێ یەکی خاکی عێراقی رادەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد، بەهۆی فەرمانکردنی بە سوپا پاشکەشکردن، هەزاران چەک و ئامێری سەربازیی سوپای عێراق، کە بە بەهای 15 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، کەوتنە بندەستی داعش، هەروەها بەرپرسە لە هاووڵاتییانی عێراقی، کە لەلایەن داعشەوە کوژران و رفێندران.



- کۆمەڵکوژیی سپایکەر

هەزاران گەنجی لە سەربازگەی سپایکەر تووشی کوشتن کرد، کە بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن لە سوپا دایمەزراندبوون و بەبێ چەک و هیچ راهێنانێک لە سەربازگەی سپایکەر لە پارێزگای دیالە، جێگیر کردبوون.



- تاوانی کۆمەڵکوژیی دژی عێراقییەکان ئەنجام داوە

بەرپرسە لە کوشتنی سەدان ژن و منداڵی لە خۆپێشاندانەکانی زەرکە، حەویجە، فەللوجە و رومادی.



- تاوانی کۆمەڵکوژی لە کەربەلا ئەنجام داوە

نوری مالیکی سەرپەرشتیی هێرشکردنە سەر لایەنگرانی سەید سەرخی ئەلحەسەنی، مەرجەعێکی شیعەکانی عێراقی دەرکرد لە ساڵی 2014 .



- بەرپرسە لەو کارەساتانەی بەسەر مەسیحی و کوردانی ئێزدیدا هاتووە

مالیکی بووە هۆی داگیرکرانی ناوچەی کوردانی ئێزدی و مەسیحی لە پارێزگای نەینەوا و بەهاوار نەچوونی ئەو کەمە نەتەوە و ئایینانە.



- بەرپرسە لە بڵاوکردنەوەی گەندەڵی

مالیکی بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی دارایی لە دەزگا هەستیارە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق و بە دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆری خزم و کەس و ئەندامانی حزبەکەی بە بندیوار.



هەروەک بەرپرسانی باڵای کوردستان و پێکاتەی عەرەبی سوننەمەزهەب لە عێراق رایدەگەیەنن، مالیکی بەشێوەیەکی دیکتاتۆرییانە حوکمڕانیی عێراقی کرد و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و تائیفییەکانی لە دەسەڵاتی عێراق دوورخستەوە.



جگە لەوە، حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2013ـەوە و بە فەرمانی نوری مالیکی، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە و لە شەڕی دژی داعشیدا، هیچ هاوکارییەکی سەربازیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان نەنارد و رێگریشی لە هاوکارییە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان کرد.









باسنيوز
Top