میلیشیاکانی حەشدی شیعی حوکمڕانیی ناوچە سوننە مەزهەبەکان دەکەن
رۆژی شەممە 26/8/2017، رۆژنامەی (ئەلعەرەب) راپۆرتێکی لەبارەی گۆڕانکاریی لە ناوچە سوننەنشینەکان بڵاو کردووەتەوە و نموونەشی بە ناوچەیەکی باشووری بەغدا، هێناوەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا، ئاماژە بە بڕیارێکی ئەنجومەنی پارێزگای بابل دراوە، کە تێیدا هۆشداریی دراوە لەوەی هەر کەس و لایەنێک داوای گەڕانەوەی هاووڵاتییانی ناوچەی جەرفولسەخر لە 60 کیلۆمەتریی باشووری بەغدا بکات، ئەوا رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
جەرفولسەخر ناوچەیەکی کشتوکاڵیی باکووری پارێزگای بابلە و سوننەنشینە، ژمارەی دانیشتووانی 50 هەزار کەسە. دوای داگیرکردنی شاری مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش ئەو ناوچەیەیان بۆ ماوەیەک داگیر کرد و زیاتر لە دوو ساڵیشە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق، رزگار کراوەتەوە.
پێکهاتەی سوننەمەزهەبی عێراق پێی وایە ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگای بابل بۆ دژایەتیکردنی سوننەکانە و هەوڵێکە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە و جێگیرکردنی شیعەمەزهەبەکان لەو ناوچەیە.
عەواتیف نیعمە، پەرلەمانتاری ئیئتیلافەکەی نوری مالیکی لە لیدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان، پێی وایە جەرفولسەخر ”خراپترین ناوچەیە لە هەموو عێراق“.
رەعد دەهلەکی، سەرکردەی هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە سوننەنشینەکان رابگرێت، کە لە ناوچە جیاوازەکانی جەرفولسەخر لە بابل و دەوروبەری بەغدا و پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین و نەینەوا دەستی پێ کردووە.
بە گوتەی سەرکردە سوننەمەزبەهەکانی عێراق، دوای دروستکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە لایەنی ئەمنیی زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانیان گرتووەتە دەست، چەکدارانی ئەو میلیشیایانە هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب دەڕفێنن و دەکوژن یاخود بە زیندوویی دەیانسووتێنن.
گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سوننەمەزهەبەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە هاوشێوەی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانە لەلایەن رژێمی بەعس و حکوومەتی ئێستای عێراقەوە، کە بەردەوام بە چەندین شێوە هەوڵی بەعەرەبکردنی کوردستان دەدات.
باسنیوز
