ئەگەری هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی عێراق لەئارادایە
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمینداری گشتیی حزبی (حەقی وەتەنی) عێراقی رایگەیاند ئەگەر هەڵبژاردنەكانی عێراق دوابخرێن، ئەوا ئەگەری زۆرە پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێتەوە.
ئەحمەد مەساری ئەمینداری گشتیی حزبەكە لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی (سۆمەریە)ی عێراق ئاماژەی بەوە دا كە ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتوو دوابخرێ، ئەوا پەرلەمانی عێراق لە ماوەی مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا هەڵدەوەشێتەوە.
مەساری دووپاتی كردەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان نزیكترین ڕێگەن بۆ گۆڕینی سیاسییە گەندەڵكارەكانی عێراق.
ئەمینداری گشتیی حزبی (حەقی وەتەنی) گوتی هەڵوێستی هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییەكانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووەوە ڕوونە، كە بریتیە لەوەی ئەگەر دۆخەكە لەبار نەبوو، ئەوا دوایدەخەن. بەڵام پرسیار ئەوەیە داخۆ چۆن دەتواندرێ هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێن، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆری خەڵكی عێراق هێشتا لە ئاوارەییدا دەژین؟
باسی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە كاتێكدایە كە فوئاد مەعسوم سەركۆماری عێراق، لە 12ی حوزەيرانی رابردوودا گوتبووی دواخستنی هەڵبژاردنەكان پێشێلكاریكردنی پێشێلكارییەكانە.
bas news-
