وەزارەتی بەرگریی عێراق نەخشەی ناوچە رزگارکراوەکانی تەلەعفەر بڵاو دەکاتەوە
رۆژی چوارشەممە 23/8/2017، شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقی، کە بەشێکە لە وەزارەتی بەرگری، نەخشەی ناوچە رزگارکراوەکان و ناوچەی شەڕی هێزە عێراقییەکان و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی بڵاو کردووەتەوە.
لە نەخشەکەدا، ئەو شوێنانەی چەکدارانی داعشی لێماوە بە رەنگی رەش نیشان کراوە، ناوچە رزگارکراوەکان بە رەنگی سەوز نیشان کراوە و ئەو ناوچانەی هێشتا شەڕیان تێدا بەردەوامە بە رەنگی سوور نیشان کراو.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
