ئەگەری دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكانی مووسڵ لە تەلەعفەر هەیە
لە راپۆرتێكدا كە روانگەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە پێویستە لەسەر هێزە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر، زیاتر گرنگی بە پاراستنی خەڵكی مەدەنی بدەن و رێگەش نەدەن ئەزموونی پێشێلكاری و كوژرانی مەدەنی كە لە مووسڵ رووی دا، لە تەلەعفەر دووبارە بێتەوە.
بە پێی ئامارە فەرمییەكان، لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ كە ماوەی نۆ مانگی خایاند، سێ هەزار مەدەنی كوژراون، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان، ژمارەی كوژراوەكان پێنج هەزار مەدەنی تێپەڕاندبوو.
روانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ راشیگەیاندووە كە هیچ ئۆپەراسیۆنێك گرنگی نابێت ئەگەر گرنگی بە پاراستنی گیانی مەدەنی نەدرێ و لە شەڕ و پێكدادانەكان دوور نەخرێنەوە.
بە پێی روانگەكە، ١٢ هەزار مەدەنی لە تەلەعفەردا ماون كە لە لایەن داعشەوە گەمارۆیان خراوەتە سەر و بەدەست نەبوونی خۆراك و ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن.
روانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ پێشبینی كردووە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەردا، ١٠ هەزار كەس لە شارەكە ئاوارە بن.
روانگەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ، پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤیان ئەنجام دابوو، هەروەها پێشێلكارییەكی دیكە كە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا ئەنجام درابوو ئەوە بوو، فڕۆكەكانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە شێوەیەكی ناورد حەشارگەكانی داعشیان بۆردومان دەكرد.
bas news-
