حەشدی شەعبی: راوێژکارانی ئێران و حزبوڵڵا بەشداریی شەڕی تەلەعفەر دەکەن
ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران و حزبوڵلا ”پاڵپشتیی“ هێزە عێراقییەکان دەکەن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.
ئەحمەد ئەسەدی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو راوێژکارانەی ئێران و حزبوڵلا ”وەک ئۆپەراسیۆنەکانی دیکە“ هاوکاریی هێزە عێراقییەکان دەکەن بۆ پێشکەشکردنی راوێژی سەربازیی بە هێزەکانی عێراق.
گوتەبێژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بوونی راوێژکارەکانی ئێران و حزبوڵڵا لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر ”بە ئاگاداری و رەزامەندیی حکوومەتی عێراقییە“.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
