هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی راگەیەندراوێک لەبارەی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر بڵاو دەکاتەوە

 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی راگەیەندراوێک لەبارەی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر بڵاو دەکاتەوە
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش راگەیەندراوێک لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا، بڵاو دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، کە پێشوازیی لە راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەر دەکات و بە پێنج رێگا پشتگیریی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، کە بریتین لە :

- دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی

- راهێنانی سەربازی

- زانیاریی هەواڵگری

- هێرشی ئاسمانیی ئامانجدار

- راوێژی سەربازی

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێی وایە ئێستا 10-50 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی لەناو شارۆچکەی تەلەعفەر و دەوروبەریدا هەن.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20/8/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.

ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.









باسنيوز
Top