داوا دەکرێت پەرلەمانی عێراق یاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە
نازم هەركی، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "هەمیشە لەبارەی مەترسییەكانی حەشدی شەعبی هۆشداری دراوە، چونكە دەمانزانی حەشدی شەعبی بۆ دروست كراوە، ئەوەش دەزانین كە ئەجێندایەكی دەرەكی جێبەجێی دەكات، هەربۆیە بەتەنیا بۆسەر كوردستان مەترسیی دروست نەكردووە، بەڵكوو مەترسییە بۆ سەر ئایندەی هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق".
بەپێی زانیارییەكانی ئەو ئەندامەی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكانی پەرلەمانی كوردستان، هاوپەیمانانیش لەگەڵ ئەو بۆچوونە دان كە "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە تاوانباری جەنگ لەقەڵەم دەدرێن".
پێشتر لە زۆرێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندندا هەواڵ بڵاو كرایەوە، كە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕاهێنانی چەكی سووك و قورس بە منداڵانی خوار 18 ساڵ دەكەن،
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت: "ئێستا دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق پێكەوە لە پەرلەماندا داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی بكەن، چونكە ئەو یاساكانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی تایبەت بە منداڵانیش پێشێل دەكات"، هەروەها پێویستە مافی مرۆڤی نێودەڵەتی لەسەر پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی بێتە سەر هێڵ".
باسنیوز
