شێخ موزاحیم ئەلحوێت : ئەمریکا هیلالی شیعی تێک دەشکێنێت
رۆژی یەکشەممە 13\8\2017، شێخ موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، کە هەفتەیەکە سوپای ئەمریکا دەستی بە دروستکردنی گەورەترین بنکەی سەربازیی وڵاتەکەی لە پاررێزگای نەینەو کردووە.
شێخ موزاحیم ئەلحوێت هەروەها رایگەیاندووە، ئەو بنکە سەربازییە ئەمریکیی لە نزیک گوندی کەهریز لە شارەدێی زومار لە سنووری شاری شنگال دروست دەکرێت و ئەو وڵاتە بە نیازە چوار بنکەی سەربازیی دیکە لە تەواوی پارێزگای نەینەوا، دروست بکات.
ئەو شێخە عەرەبە پێی وایە ئەمریکا بە نیازە کۆنتڕۆلی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا بکات، بەمەبەستی تێکشکاندنی پرۆژەی هیلالی شیعی، کە لە تارانەوە بە تێپەڕبوون بە پارێزگای نەینەوا بەرەو بەیروتی پایتەختی لوبنان و دیمەشقی پایتەختی سووریا دەڕوا و لەو رێیەوە ئێران هاوکاریی سەربازیی دەگەیەنیتە میلیشیای حزبوڵڵا و رژێمی سووریا.
شێخ موزاحیم ئەلحوێت خۆشحاڵیی عەشیرەتە عەرەبەکان و هاووڵاتییانی عەرەبی سوننەمەزهەبی بە کردنەوەی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە پاریزگاکەیان نیشان داوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هێزی ئەمریکی عەرەبە سوننەمەزهەبەکان لە پێشێلکارییەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، سوپای پاسداران، سوپای قودسی ئێرانی و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) “دوپارێزێت“.
باسنیوز
