تەلەعفەر.. شەڕی ناوخۆیی لەنێو داعش دروست بوو

 تەلەعفەر.. شەڕی ناوخۆیی لەنێو داعش دروست بوو
چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە چەک رووبەڕووی یەک دەبنەوە و دەنگی تەقەیەکی زۆر لەنێو بارەگایەکیان بیستراوە.

بەپێی هەواڵێکی میدیا عێراقییەکان، دەنگی تەقەیەکی زۆر لەنێو بارەگایەکی داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای مووسڵ بیستراوە، کە تەقەکان بە چەکی سووک و مامناوەند کراون و نارنجۆکیش لە شەڕەکەدا بەکارهێندراوە.

شەڕەکە رۆژی هەینی 11/8/2017 بەهۆی دروستبوونی شەڕەقسە لەنێوان سەرکردەکان و چەکدارانی داعشدا لە بارەگایەکی ئەو رێکخراوە دروست بووە و دواتریش رێکخراوەکە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە تەلەعفەر داوە.

ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لە 17.10.2016 دەستی پێ کرد و دوای نۆ مانگ، تەنیا ناوەندی شاری مووسڵ رزگار کراوەتەوە و شارۆچکەی تەلەعفەر و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنوورەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ماونەتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، نزیکەی نیوەی خاکی عێراق، (شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار) لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.








باسنيوز
Top