حەشدی شەعبی وەڵامی سەدر دەداتەوە
ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژ بە ناوی حەشدی شەعبی رایگەیاند ئەم داوایانەی لەبارەی سنوورداركردنی حەشدی شەعبی بڵاودەكرێنەوە، هیچ بنەمایەكی یاساییان نیە.
ئەمڕۆ موقتەدا سەدر داوای كردبوو میلیشا ڕێكوپێك و باشەكانی حەشدی شەعبی تێكەڵی سوپا بكرێن و ئەوانی تریش هەڵوەشێندرێنەوە.
لەمبارەوە ئەسەدی لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا رایگەیاندووە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەشێوەیەكی روون لەبارەی حەشدی شەعبییەوە دواوە و دووپاتی كردووەتەوە كە حەشد بەشێكی سەرەكیە لە دەزگای ئەمنیی عێراق.
هەروەها گوتی حەشدی شەعبی، حەشدی فەتوای مەرجەعەكانە و راستەوخۆ بە حكومەتی عێراقەوە بەستراوەتەوە.
دووپاتیشی كردووەتەوە "چارەنووسی حەشدی شەعبی ڕوونە، كە دوارۆژیشی وەكو ئەمڕۆ دەبێت، حەشدی شەعبی بۆیە دامەزراوە تا بەردەوام بێت، ئەمەش بەپێی بەیاساكردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە".
bas news-
